Zana Natık Kerem
13 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
پرۆگرامی خۆراکی جیھانیی سەربە نەتەوە یەکگرتووە رایگەیاند کە ئامانجیانە لە میانی ئەمساڵدا، یارمەتی خۆراک، پێشکەش بە ٨٤٩ ھەزار عێراقی بدەن.
نوێنەری پرۆگرامی خۆراکی جیھانیی سەربە نەتەوە یەکگرتووە لە عێراق، عەبدولرەحمان میجاج لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی ئاماژەی بەوەداوە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە عێراق دروستکردووە و گوتی: "ئەوەیش کاریگەری لەسەر ئاوارە گەڕاوەکان بۆ زێدی خۆیان و چینی ھەژار دروستکردووە".
عەبدولرەحمان میجاج باسی لەوەشکردووە کە سێ ملیۆن کەس لە عێراق لە نێویاندا، ٧٣١ ھەزار ئاوارە وەک پێویست دەستیان بە خۆراک ناگات گوتی: "ئامانجمانە لە میانی ئەمساڵدا، یارمەتی خۆراک پێشکەش بە ٨٤٩ ھەزار عێراقی بکەین".
بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٠ ملیۆن و ١٥٠ ھەزار کەس.