Zana Natık
30 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2017
بەغدا ــ AA
رێكخراوی پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەمەڕ خراپی و دژواری رەوشی مڕۆیی لە ناوچەی مووسڵی كۆن دەربڕی و رایگەیاند كە لە ئێستادا، ١٨٠ هەزار كەس لەو ناوچەیە بەدەست برسیەتی و دژواری رەوشی مرۆیییەوە دەناڵێنن.
لە راپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە پڕۆگرامی خۆراكی جیهان بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە بە بەراورد لەگەڵ ماوەكانی رابردوودا، دوو هێندە رەوشی مرۆیی و هەروەها بەدخۆراكی لە نێوان منداڵە ئاوارەكانی بەشی راستی مووسڵ سەخت و دژوارتربووە.
رێكخراوەكە كە لقێکی لە شاری هەولێرە راشیگەیاندووە بە رێژەی سەدا ٩ی منداڵە ئاوارەكانی بەشی راستی مووسڵ لە كەمپی سەلامییە یەک كە بەم دواییانە دروست كراوە بە دەست بەدخۆراكییەوە دەناڵێنن و ئەو رێژەیەش بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاكانی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ دووهێندە زیادی كردووە.
هەفتەی رابردوو، نەتەوە یەكگرتووەكان كەمپێكی بۆ ئاوارەكانی بەشی راستی مووسڵ لە باشووری شارەكە كردەوە كە جێگەی ١١ هەزار كەسی لێ دەبێتەوە.
هاوكات راپۆرتەكە لە نوێنەری رێكخراوی پڕۆگرامی خۆرای جیهان لە عێراق، سالی هیدۆك گواستووەتەوە كە رەوشی مرۆیی لە بەشی راستی مووسڵ سەخت و دوژارتر بووە، تەنانەت ئاوارەكان زۆر بە زەحمەت و ترس و برسیەتیەوە خۆیان دەگەیەننە خاڵەکانی گردبوونەوە و كەمپەكان.
سالی هیدۆك داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە كە ئاسانكاری بكەن بۆ ئەوەی هاوكاری و یارمەتییە مرۆییەكان زۆر بەپەلە بگەیەنرێتە دانیشتوانی بەشی راستی مووسڵ كە لە ئێستادا زۆر پێویستییان بەو هاوكارییانە هەیە.