Azad Mohammed Abdullah
28 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2019
دهۆک - AA
شوانکاران لە وەرزى بڕینەوەى خوری مەڕدا پشت بە یەکتر دەبەستن و یەکترى ئاگادار دەکەنەوە، تاوەکو بە هەرەوەزى بە کاتێکى کەم کارێکى زۆر ئەنجام بدەن.

شوانکارانى گوندەکانى ناوچەی بەربن سەربە قەزاى بەردەڕەش لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لەئێستادا سەرقاڵى بڕینەوەى خوری مەڕەکانیانن و سەرجەمییان هاوکارى یەکتر دەکەن.
وەک شوانکارەکان باسى دەکەن ئەوان لە وەرزى بڕینەوەى خوری مەڕدا کۆدەبنەوە، هەرجارە و خوری رانە مەڕى شوانێک دەست نیشان دەکەن بۆ بڕینەوە. بۆ هەر رانە مەڕێک زیاتر لە ٢٠ شوانکار دەست هەڵدێنن کەلەخەکانیان لەنێو خورى مەڕەکان دەنێنن و لە چەند خولەکێک مەڕەکە لە خورى پیس و درێژ پاک دەکەنەوە.

هەرچەند لەئێستادا چەندین ئامێرى پێشکەوتوو هەیە بۆ بڕینەوەى خوری مەڕ، بەڵام شوانکارانى کورد تەنها پشت بە کەلەخ دەبەستن و هیچ ئامێرێکى سەردەمیانە بەکارناهێنن.
ئاژەڵدارێکی گوندى کەونەباکى سنوورى قەزاى بەردەڕەش سنوورى پارێزگاى دهۆک، بەناوى سەلاح رەشید بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "پیشەى ئاژەڵدارى لە سنوورەکەمان بەگشتى لە گوندەکان بە تایبەتى هیچ کەمى نەکردووە، بەڵکو خەڵک بەردەوامە لە بەخێوکردنى مەڕ و بزن و مانگا و ئاژەڵەکانى دیکە".

سەلاح رەشید دەڵێت "نیگەرانین لەوەى هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەک نییە بۆ ئەوەى ساڵانە بەرهەمى خورى مەڕ لە وەرزى بڕینەوەدا سوودى لێ ببیندرێت، ئەگەر بەرنامەیەک هەیە بێت جا چ لە کەرتى حکوومى بێت یان کەرتى تایبەت ئەم خورییانە زۆر کەلوپەل و جلوبەرگى لێ بەرهەم دەهێندرێت".
لەبارەى گرنگى بڕینەوەى خوری مەڕ لە وەرزى بەهاردا سەلاح رەشید گوتى: "بڕینەوەى خوری مەڕ زۆر گرنگە بۆ تەندروستى ئاژەڵەکان، چونکە لە نەخۆشى دەپارێزرێت، جگە لەمەیش دەبێتە هۆى گۆشتگرتنى مەڕەکان و قەڵەوبوونیان، لە ١٠ بۆ ١٥ى نیسانى هەموو ساڵێک وەرزى بڕینەوەى مەڕ دەست پێدەکات، بەڵام ئەمساڵ بە هۆى باران بارینى زۆرەوە لە وەرزى بەهار بۆ ماوەى زیاتر لە ١٠ رۆژ پرۆسەکەمان دواخست".

ناوبراو دەشڵێت "داوا لە حکوومەت دەکەین لە کاتى خۆىدا ئالیکی مەڕ و ماڵات بۆ ئاژەڵداران دابین بکات، نەوەک دواى کۆتایی هاتنى وەرزى زستان".