hemn husain
24 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
دوای ئەو شەپۆلەی گەنجان بۆ هەندەران لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەتایبەت دوای هاتنی گرووپی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و بۆ ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، ئەمەش وای کردووە لە ئەنجامی ئەم کۆچکردنەی گەنجان رۆژانە گوێبیستی چەندین ھەواڵ و کارەساتی ناخۆش و دڵتەزێن بین، بەتایبەت خنکانی گەنجەکان لە دەریاکاندا.
ماوەیەک پێش ئێستا کاروانێکی ٤٦ کەسی لە تورکیاوە بە رێگەی دەریایی بەرەو یۆنان دەکەونەڕێ بەڵام دوای ئەوەی لە نزیک سنووری یۆنان ئەو بەلەمەی کە خەریک بوو بیانگەیەنێتە یۆنان لە کار دەکەوێت و سەرەنجام سەرجەم سەرنشینەکانی نوقم دەبن.
دوای ئەوە بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەڕان بەدوای تەرمەکاندا، تونرا 15 تەرم لە دەریای ئیجەدا بدۆزرێتەوە و ئەمڕۆش لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدی بابەشێخ و کۆمەڵێک لە پەرلەمانتاران و پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی وکەسایەتی ئێزدی، گەیشتە هەرێمی کوردستان کە تێیدا 2 ئافرەت و 4 منداڵ و 9 پیاو بوون.
گوتەبێژی راگەیاندنی میری لە نووسینگەی لالش کەریم سەلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "زۆر سوپاسی ئێوە دەکەین کە لێرە ئامادە بوون، بەناوی میری و ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدی و کەسایەتی ئایینی سوپاسی خۆمان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وسەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئێمە هاواری خۆمان گەیاندە ئەوان و ئەوانیش هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئەم قوربانیانە بگەنەوە دەست کەسوکاریان و هیوادارین لە ماوەیەکی کورتدا بتوانین تەرمەکانی دیکەش بگەڕێنینەوە".
جێی ئاماژەیە لە کۆی ئەم قوربانیانە دوو بنەماڵەی تێدایە کە خەڵکی شارەدێی سنوونێی سەر بە قەزای شنگال و ئەوانی دیکەش خەڵکی دەوروبەری شنگالن، هەر ئەمڕۆش لە رێگەی ئەمبوڵانسەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەرمەکان بەرەو شاری دهۆک بەڕێکران و بڕیارە لەوێشەوە بەرەو شنگال بەڕێ بکەون و لە زێدی خۆیان بە خاک بسپێردرێن.