هەولێر - AA
دوای زیاتر لە شەش ساڵ ژیانی نێو خێمە و ئاوارەیی، رێککەوتننامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، تروسکایی هیوایەکی لای ئێزدییەکان دروستکردووە کە بگەڕێنەوە سەر ئەو خاکەی لە باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە و رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەری هەڵیکەندن.
لەنێو کەمپی ئاوارە ئێزدییەکان لە شێخان کە هێشتا لانەی مانەوەی هەزاران ئاوارەی شنگالە و ساڵانێکە لەوێ لەگەڵ یادەوەرییە تاڵە تراجیدییەکانیان دەژین کە بە ئەندازەی دەیان رۆمانە و داعش بەسەریداهێنان، رۆژانە لەژێر خێمەکانیان چیرۆکی تاڵی ژیانی نێو کەمپیش دەهۆننەوە و شەوان بە هیوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان سەر لەسەر سەرین دەکەن.
ئوسۆ بەکر، ئاوارەیەکی ئێزدییە لە کەمپی شێخان و بەم جۆرە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا: "ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە شنگال، ئاوەدانی بکەینەوە و خوێندنگا و کەرتی تەندروستی بنیاتبنێینەوە، دەمانەوێت ئەمنییەت و ئاسایش بەرقەرار بێت، بەڵام بە گشتی دەترسین ئەگەر بگەڕێینەوە شنگال دیسانەوە فەرمان بەسەرماندا بێت و تووشی رووداوێکی دیکە ببینەوە". ( Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed - ئاژانسی ئانادۆڵو )
گولێ ئەحمەد ژنێکی تەمەن ٦٤ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە یەکێک لە خێمەکانی کەمپەکەدا دەژین، ئەو رۆژەی ئاوارەبوون لەگەڵ هاوژینەکەی بەپێی خۆیان هەڵاتن، بەڵام ئێستا هاوژینەکەی بەهۆی نەخۆشییەوە لە قاچ کەوتووە و لەنێو جێگادا شەو و رۆژی لە تاریکی خێمەیەکدا بەسەر دەبات.
گوڵێ ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ دوا و گوتی: "ئەوە بۆ حەتەمین ساڵ دەچێت ئێمە لێرە دەژین، نازانین چ رۆژ و کاتێک ئاگر لە خێمەکانی ئێمەش دەکەوێتەوە و تیادەچین بۆیە دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان، بەڵام توانامان نییە بۆ گەرانەوە، ئێستا خۆزگە بەوە دەخوازین کە ئەگەر لە شنگال خێمەش ھەبێت لاریمان لێی نییە تەنها بگەڕێینەوە".
گوڵی ئەحمەد ئەو رۆژەی داعش چووە سەر شنگال چوار کەس لە خانەوادەکەی کەوتنە دەستی چەکدارانی داعش و هێشتا لەگەڵ ئەو چیرۆکانە دەژی، رووداوەکانی ئەو رۆژانەی وەک خۆی لە پێش چاوماوە و بەم جۆرە گێڕایەوە "ئەو رۆژانەم لە بیرە ئێمە نۆ رۆژ لە چیا ماینەوە و چووینە مەزارگەی شێخ شەرەفەددین، بە ھەزاران کەس بێ سەروشوێن و بزر بوون، من شەش منداڵم لەگەڵ بوو لە ترسی کوشتن بەرەو چیا چووین و برسێتی و تێنوتیمان پێ باشتر بوو لە کەوتنە دەست ئەو چەکدارانە، برسێتی و تینویەتی زۆرمان بینی ھەر لە نەبوونی پێڵاو تاوەکو خواردن و پێداویستی، ئەو کات چەندین کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسی بەتەمەنمان بینی کە لەگەڵ ئێمە ئاوارەبووبوون زۆربەیان گیانیان لەدەستدا، بۆخۆشمان برای ھاوسەرەکەم و برازاکەى و خانەوادەکەی و کچی مامیشم کەوتنە دەست داعش و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، کەچی سەرەڕای ئەو ھەموو نەھامەتییە ھێشتا ئێمە لێرەین و نەمان توانیوە بگەڕێینەوە".
گولێ ئەحمەد بە زارەکی داوایەکی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد و گوتی: "با کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پشتگیری لە ئێمە بکات بۆ گەڕانەوە و قەرەبوو بکرێینەوە، نامانەوەی دووبارە لە شنگال بە رسوایی ئاوارە ببینەوە، لەئێستادا پارەی ئەوەمان نییە تەنانەت کرێی گواستنەوەی ئەو خێمانەشی پێ بدەین بۆ شنگال کە تێیدا دەژین، ھیچ شتێکمان نییە بۆیە داوای قەرەبووکردنەوە دەکەین".
ئەو گوتیشی: "هێشتا ھەر ترسمان لەگەڵە دەمانەوێت ئاسایش بگەڕێـتەوە بۆ ناوچەکەمان، ئێستا ھەندێک لە خزمانی ئێمە لە شنگالن دڵنیانین لە سەلامەتی هیچ لایەک و بە ترسەوە دەخەوین، بۆیە ھەر کەس و لایەنێک کە پێداویستیمان دابین بکات و پشتگیری ئێمە بکات بەخێربێت سوپاسی دەکەین، داواکارین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و لایەنەکان یارمەتیدەربن بۆ گەرانەوەمان".
عادل حەجی حوسێن ئاوارەیەکی دیکەی نێو کەمپی شێخان بوو، ئەوان خانەوادەیەکی ١٤ کەسین و زیاتر لە شەش ساڵە لە سێ خێمەی کەمپەکەدا دەژین، دەربارەی رێککەوتننامەکەی ئاساییکردنەوەی شنگال دوا و گوتی: "دەمانەوێت بەڕاستی ھەردوو حکوومەتی بەغدا و ھەرێمی کوردستان چارەسەرێک بۆ ئێمە بدۆزنەوە، ئەو ھەموو ھاووڵاتییەی شنگال ئاوارەن و ئێستا شنگال وێرانە و ھیچی نییە، بۆیە داواکارین خزمەتگوزارییەکانی بۆ بگەڕێننەوە، ئەگەر چارەسەرێکیان بۆ دۆزینەوە ئەوا دیارە رێککەوتنێکی باشە و لە سوودی ئێمە دەبێت".
عادل حەجی حوسێن دەربارەی دۆخی ئێستای شنگال دوا و گوتی: "ئێستادا مامی من لە شنگالە رۆژانە هەواڵی دۆخی ئەوێی لێ دەپرسم، ئەوان دەڵێن رەوشەکە ئارامە، بەڵام داواکارم خانووەکانی ئێمە لەوێ دروستبکرێنەوە و کار بۆ ھاووڵاتییانی شنگال دەستەبەربکرێت و ئەو حزبە چەکدارییانەی ئێستا دەربکرێن، شنگال زێدی ئێمەیە و ئەم خێمانە موڵکی ئێمە نین هەردەبێت لە کۆتاییدا بگەڕێنەوە".
ناوبراو گوتیشی: "ھەرکەس و لایەنێک بێتە شنگال گرفتێک نییە، تەنها دەمانەوێت ئارامی و ئاسایشی ئێمە دەستەبەربکرێت، پێشمەرگە یا حکوومەتی عێراق بێت یان وەکو جاران پێکەوە بەڕێوەی بەرن".
هێشتا ترس و شۆکی پەلامارەکەی چەکدارانی داعش بۆسەر شنگال لای ئێزدییەکان نەڕەویوەتەوە، لای بەشێکی زۆریان هێشتا ئەو ترسە لەناخیاندایە کە چەکدارانی داعش چاندییان، بۆیە بۆ گەڕانەوە بەرلە هەر شتێک داوای دڵنیایی دەکەن.
ئوسۆ بەکر، ئاوارەیەکی ئێزدییە لە کەمپی شێخان و بەم جۆرە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا: "ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە شنگال، ئاوەدانی بکەینەوە و خوێندنگا و کەرتی تەندروستی بنیاتبنێینەوە، دەمانەوێت ئەمنییەت و ئاسایش بەرقەرار بێت، بەڵام بە گشتی دەترسین ئەگەر بگەڕێینەوە شنگال دیسانەوە فەرمان بەسەرماندا بێت و تووشی رووداوێکی دیکە ببینەوە".
ئوسۆ بەکر دەربارەی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال گوتی: "ئەو رێککەوتننامەیەی دەڵێن دروست بووە، جەماعەتی ئیزدییەکان ئەوانەی لەوێن دەڵێن ئێمە ئەو رێککەوتننامەیە قبووڵ ناکەین، میللەتی ئیزدی دەڵێن کاتێک پەلاماردراین کوردەکان ھەڵاتن، بۆیە ئێمە ئەو رێککەوتنە قبووڵ ناکەین، بەڵام من وەک خۆم قبووڵی دەکەم، ئەگەر ھەبێت".
ئەو گوتیشی: "پێش ئەوەی کارەساتی شنگال رووبدات کوردستان یارمەتیدەرێکی باشی ئێمەبوو، پێشتر زۆربەی شنگالییەکان مووچەیان لە ھەرێمی کوردستان ھەبوو، بەڵام ئێستا ئێزدییەکان دەڵێن ئێمەیان بەجێھێشتووە بۆیە ناتوانن دڵنیابن".
قایمقامی قەزای شێخان، سەردار یەحیا بەرزنجی کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی ئێزدی لە سنووری کارگێڕی قەزاکەدا ماونەتەوە، دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان گوتی: "ژمارەی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان زۆر کەمە، تاوەکو ئێستا تەنها چەند سەد خێزانێک لە ئاوارە ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە شنگال و دەورووبەری ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان نەبوونی ئارامی و ئاسایش لە شنگال و دەشتی نەینەوا، دووەم نەبوونی متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی نەینەوا و دەورووبەری و نەبوونی متمانە لەنێوان خەڵک و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان کە ئەرکی پاراستنی رەوشی ئەمنی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆیە، هۆکارێکی دیکە بۆ مانەوەی ئێزدییەکان لە شێخان ئەوەیە پێکەوەبەسترانێکی روحی لەنێوان کوردانی ئێزدی و شێخان و لالشدا هەیە ئینجا لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایەبن، چونکە سەنتەری دیانەتی ئێزدییەکان دەگەڕێتەوە بۆ لالش و شوێنی جوگرافی لالش-یش کەوتووەتە سنووری قەزای شێخان بۆیە ئەو پێکەوەبەسترانە روحییە و هەبوونی ئارامی و ئاسایش لە سنوورەکە وایکردووە کە ئێزدییەکان حەز بە مانەوە بکەن لێرە".
سەردار یەحیا بەرزنجی دەربارەی کاردانەوەی ئاوارەکانی سنووری قەزاکە لەسەر رێککەوتننامەکەی شنگال گوتی: "ئاوارە ئێزدییەکان خۆشحاڵییەکی گەورەیان هەیە بەو رێککەوتنەی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، چونکە ئومێد و ئاواتی ئەوان گەڕانەوەیە بۆسەر زێدی باو و باپیرانی خۆیان، بەڵام داواکاری ئەوان بۆ گەڕانەوە دڵناییەکی نێودەوڵەتییە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە و داوا دەکەن ئەو هێزە نا شەرعی و نایاساییانەی لەوێ هەن دەربکرێن، هەروەها گۆڕانکاری لە دۆسیەی ئەمنی بکرێت، دۆسیەی ئەمنی بدرێتە دەست هێزێک کە سەرەڕای ئەوەی یاساییبن هێزێکی متمانەپێکراوبن و لەلایەن خەڵکەوە بە هەموو پێکهاتەکانەوە متمانەیان پێبکرێت".
قایمقامی قەزای شێخان، سەردار یەحیا بەرزنجی گوتیشی: "ئەوان داوا دەکەن هێزێک ئاسایشییان بپارێزێت کە سەرچاوەکەی بگەڕێتەوە بۆ خاک و نیشتمانەکەیان، مەبدەئیان پاراستنی نیشتمان و خاکەکەیان و خەڵک و هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بێت بە هەموو جیاوازییە ئایدۆلۆجییەکان لەڕووی نەتەوە و ئایینەوە، جگە لەوانە داواکارییەکی دیکەیان ئەوەیە دووبارە شنگال ئاوەدان بکرێتەوە چونکە ئەگەر ماڵی نەبوو ژیانی نەبوو خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و رێگاوبانی نەبوو چۆن بتوانێت لەوێ بژی، جگە لەوە گرنگ ئەوەیە حکوومەتی ناوەندی کاربکات بۆئەوەی پاش ئاوەدانکردنەوە و دڵنیایی و دۆسیەی ئەمنی، دەرفەتی کار بۆ گەنجان برەخسێنێت چونکە ئەو خەڵکە کە ئاوارەبوون زیاتر لە شەش ساڵە بێکارن و لە رووی ئابوورییەوە رووخاون کە بچێتەوە ناوچەکەی خۆی پێویستە دەرفەت و هەلی کاریان بۆ برەخسێندرێت بۆئەوەی ژیانیان بگوزەرێنن".
سەردار یەحیا بەرزنجی راشگەیاند "ئێمە وەک قایمقامییەتی قەزای شێخان هەموو ئاسانکارییەک دەکەین بۆ خێزانێک کە بیەوێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی و پێشتریش کردوومانە و بەردەوامیشین، هەرکەسێک داوای گەڕانەوە بکات نووسراوی فەرمی بۆ دەکرێت بۆ هەموو بازگەکان کە بەڕێزەوە بەڕیبکرێن".
قایمقامی قەزای شێخان، سەردار یەحیا بەرزنجی دەربارەی ئەوەی ئاستی داواکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان چۆنە و لە چ ئاستێکدایە گوتی: "داواکاری بەردەوام هەیە بۆ گەڕانەوە، بەڵام ئێستا زۆر زۆر کەمە، پێشتر داواکاری زیاتربوو ئێستا کەمبووەتەوە لەپاش ئەوەی چەندین جار لەلایەن هەندێک هێزی نابەرپرسیار و ناشەرعیی کە لەوێ لەڕێگای میدیا و سۆشیال میدیاوە رێککەوتنەکە رەت دەکەنەوە ترسێکی دیکە لەلای شنگالییەکان و ئێزدییەکان دروست بووە بگەڕینەوە زێدی خۆیان، چونکە دەڵێن رەنگە تووشی زەرەرێکی زیاتر و جینۆسایدێکی دیکەش بین، لەسەر رێخۆشکەری و دەستی ئەو هێزە ناشەرعییانەی کە لەوێ هەن بۆیە بەبڕوای ئێمە ئەگەر بەزووترین کات رێوشوێنی پێویست لە شنگال نەگیرێتە بەر پێمان وانییە ئاوارەکان بگەڕێنەوە".
لە سنووری قەزای شێخان لەدوای هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، هەشت کەمپی ئاوارەکان کرایەوە و زیاتر لە ٨٧ هەزار ئاوارە رووی لە قەزاکە کرد، رێژەی لەسەدا ٧٥ی ئاوارەکان ئێزدییەکانی شنگال و دەورووبەری بوون و بەشەکەی دیکەش عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی موسڵ بوون، ئێستا تەنها سێ کەمپ لە قەزاکەدا ماوە و ٦٠ هەزار ئاوارە هێشتا لە شێخان نیشتەجێن، بەگوتەی قایمقامی قەزاکە ئاوارەکان لەسەدا ٧٥یان کوردی ئێزدین و بەشێکیان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن و بەشەکەی دیکەشیان لەنێو شارەکەدا دەمێننەوە.
بەپێی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەئێستادا نزیکەی ٢٥٠ هەزار ئاوارەی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان هەن کە هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
news_share_descriptionsubscription_contact

