سياسەت, عێراق

هێمن هەورامی: "فەڕەنسا تاکە پشتیوانێکی راستەقینەی هەرێمی کوردستانە"

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی: "گەلی کوردستان هەمیشە وەفادار و سوپاسگوزارە بۆ هەموو ئەو هەڵوێستە پاڵپشتی و پشتیوانیانەی کە گەل و حکوومەتی فەڕەنسا و سەرکۆمارەکانی فەڕەنسا لە سەدساڵی رابردوودا بەرامبەر بە گەلی کوردستان هەیانبووە".

Hawkar Yaseen  | 28.10.2020 - نوێکردنەوە : 28.10.2020
هێمن هەورامی: "فەڕەنسا تاکە پشتیوانێکی راستەقینەی هەرێمی کوردستانە"

Arbil

هەولێر AA

شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی و بەشداری بەشێک لە نوێنەرانی فراکسیۆنە جیاجیاکان سەردانی کۆنسولخانەی فەڕەنسایان کرد لە هەولێر.

هێمن هەورامی دوای سەردانەکە رایانگەیاند کە ئامانج لە سەردانی کۆنسولخانەی فەڕەنسا دووپاتکردنەوەی پەیوەندی لەمێژینەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسایە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبەردەم کۆنسولخانەی فەڕەنسا گوتی: "ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەڵوێستی فەرمی پەرلەمان لەسەر رووداوەکان و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە دەرەوەی پەرلەمان، ئەو هەڵوێستانەن کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە گوزارشتیان لێ دەکرێت، ئێمە دوێنێ لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیارماندا کە ئەمڕۆ بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە سەردانی کونسولخانەی فەڕەنسا بکەین، لەگەڵ ئەم فراکسیۆنانەی کە زۆرینەی رەهای پەرلەمانی کوردستانن بە فەرمی هەڵوێستی فەرمی پەرلەمانی کوردستان لەڕێگای کۆنسولخانەی فەڕەنساوە بە گەل و حکوومەتی فەڕەنسا و سەرکۆماری فەرەنسا بگەیەنین، بەوەی کە گەلی کوردستان هەمیشە وەفادار و سوپاسگوزارە بۆ هەموو ئەو هەڵوێستە پاڵپشتی و پشتیوانیانەی کە گەل و حکوومەتی فەرەنسا و سەرکۆمارەکانی فەڕەنسا لە سەدساڵی رابردوودا بەرامبەر بە گەلی کوردستان هەیانبووە".

گوتیشی: "گەلی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەوە دەکات کە توندوتیژی لە هەرلایەکەوەبێت چ توندوتیژی فیزیکی بێت چ توندوتیژی فیکری بێت بەرامبەر بە ئازادییەکان و پێکەوەژیان و فرەئایینی لە هەر شوێنێکی دنیا هەبێت، ئێمە شانازی بە زۆرینەی موسڵمانێتی خەڵکی کوردستانەوە دەکەین، بەڵام گەلی کوردستان پێکهاتووە لە کۆمەڵێک ئایین و ئایینزا و پێکهاتەی دیکە، ئەم فرە رەنگی و پێکەوە ژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە وە ئەو ئاسایشە نەتەوەییەی کە هەرێمی کوردستان هەیبووە رەنگدانەوەی ئەو فرە پێکهاتەییەیە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی راشیگەیاند "لە پەیوەندییەکانی گەلی کوردستان لەگەڵ فەڕەنسا بۆمان دەرکەوتووە و بۆمان سەلماوە بە بەڵگەی مێژوویی کە گەلی فەڕەنسا و حکوومەتی فەڕەنسا و سەرکۆمارەکانی فەڕەنسا بەردەوام پشتیوانی هەرێمی کوردستانیان کردووە".

هێمن هەورامی گوتیشی: "ئێمە هاتووین هەم بۆ رێز و سوپاس گەیاندن بەگەل و حکوومەتی فەڕەنسا هەم بۆ دەربڕینی پشتیوانیش بۆ هەر هەڵوێستێک کە ئێستا حکوومەتی فەڕەنسا و رای گشتی فەڕەنسا هەیبێت بەوەی کە ئێمە بەردەوام بین لەسەر ئەم پەیوەندییانەی کە هەیە، چونکە بیرمان نەچێت گەل و حکوومەتی فەڕەنسا ساڵی ١٩٨٨ لە گەرمەی ئەنفال و کیمیاباران تەنیا فەڕەنسییەکان بە هانای گەلی کوردستانەوە هاتن، خاتوو دانیال میران هاتە کەمپەکان کۆمەڵێک لە ئاوارەکانی خەڵکی کوردستانیان بردە فەڕەنسا، ساڵی ١٩٩١ کاتێک کە ئێمە لە کۆڕە و راپەڕیندا بووین خاتوو دانیال میتران بوو هاتە نێو هەرێمی کوردستان لە سنووری باڵەکایەتی لە دەستپێکی راپەڕین و کۆڕەو لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی و رەحمەتی کاک نەوشیروان دانیشت، دوای ئەوە بینیمان لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان فەڕەنسا پشتیوانی لە گەلی کوردستان کرد و لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیشدا خاتوو دانیال میتران بەشداری کردووە وە هەمیشە پشتیوانێکی گەورەی سەرۆک بارزانی و جەنابی رەحمەتی سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان و تەواوی سەرکردە سیاسییەکان و گەلی کوردستان بووە".

گوتیشی: "لە شەڕی ناوخۆیش کە لاپەڕەیەکی رەشە لە مێژووماندا پاریس بووە ئەو شوێنەی کە ئاشتەوایی لەنێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستاندا کرد لە یەکگرتنەوەی ئیدارەی کوردستان دانیال میتران جارێکی دیکە دێتەوە نێو پەرلەمانی کوردستان و بەشداری دەکات و لە ٢٠٠٨ فەڕەنسا کۆنسولخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و لە ٢٠١٠ سەرۆک سارکۆزی لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای هەرێمی کوردستان کرد، بۆیەکەمین جار لە مێژووی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستاندا لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٠ هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ فەڕەنسا ئیمزا کرد و لە ٢٠١٣ فرانسۆ هۆلاند جارێکی دیکە پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای کوردستان کرد و لە شەڕی داعش یەکەم سەرۆکی وڵاتان کە پەیوەندی بە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و هێزی پێشمەرگەوە کرد بۆ دەربڕینی پشتیوانی سەرۆک فرانسۆ هۆلاند بوو، دوای سێ رۆژ لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە کۆشکی ئێلیزێ فرانسۆ هۆلاند پیشوازی لە شاندی پێشمەرگە کرد و لە ٢٠١٥ نوێنەرانی گەلی کوردستان بەشداربوون لەو رێپێوانەی کە کرا بۆ ئیدانەکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە پاریس ئەنجامدرا و لە ٢٠١٦ جارێکی دیکە سەرۆک هۆلاند سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە ٢٠١٧ دوای ریفراندۆم بۆ شکاندنی ئەو ئابلوقە دیپلۆماسییەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو سەرۆک ماکرۆن بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کرد، دواتریش سەردانەکانی سەرۆک ماکرۆن بۆ بەغدا و بڕیاریشە لە ئایندە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و بڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیک شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس بکات، هەشت جار هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ ئێرە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی: "ئەمانە هەمووی بەڵگەی ئەوەن کە فەڕەنسا تاکە پشتیوانێکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بووە، بۆیە هەر هەڵوێستێک لە هەر پەرلەمانتارێک لە هەر لایەکەوە بووبێت گوزارشت لە پەرلەمانی کوردستان ناکات، هەڵوێستی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەمەیە کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وە زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان لەنێو پەرلەمانی کوردستان گوزارشتی لێدەکات".

هێمن هەورامی راشیگەیاند "ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی فەڕەنسا و پشتیوانی فەڕەنساش بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت، ئێمە ئیدانەی هەر جۆرە لێدوان و دەربڕینێک دەکەین کە پێکەوەژیانی ئایینەکان و پێکەوە هەڵکردن لەگەڵ یەکتری و جیاوازی قبوڵکردنی یەکتری نادیدە بگرێت، بۆیە جارێکی دیکە بەناوی پەرلەمانی کوردستان هاتینە ئێرە بۆ گوزارشتکردن لەو هەڵوێستە فەرمییە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın