Tuğçenur Yılmaz,Abdullah Shukur
27 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو پیرۆزبایی لە حازم میر تەحسین بەگ کرد بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەک میری نوێی ئێزدییەکان.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "پیرۆزبایی لە حازم تەحسین بەگ دەکەم بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەک میری ئێزدییەکان. تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی ئێزدییەکان سەرەڕای گشت ھەڕەشەکان بە تایبەتی کردەوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە".
لە دوای کۆچی دوایی میر تەحسین بەگ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کە لە ساڵی ١٩٤٤وە میری ئێزدییەکان بوو، ئەمڕۆ کوڕی ناوبراو وەک میری نوێی ئێزدییەکان دیاریکرا.
میر حازم میر تەحسین بەگ لە ساڵی ١٩٦٣ لە باعەدرێی سەربە قەزای شێخان لە دایکبووە و خێزاندارە و باوکی دوو کوڕ و کچێکە، دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغدایە، شەش ساڵ نوێنەری میری ئێزدیان بووە.
بەپێی بنەماکانی بیروباوەڕی ئێزدی، وەک خۆیان دەڵێن، میری ئێزدییەکان دەسەڵاتی دونیایی و ئایینی لەدەستە. لەڕووی ئایینیەوە، میری ئێزدییەکان سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەکان دەکات، کە دووەم باڵاترین دەسەڵاتە دوای دەسەڵاتی میر.