Zana Natık Kerem
20 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب جەبار حەسەن رایگەیاند كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر، هێزە عێراقییەكان ٢٩٠ مەدەنییان لە دەورووبەری شارەكە گواستەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای چەند كاتژمێرێك لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر، هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆشی سوپا، پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی، ٢٩٠ مەدەنییان لە باشووری رۆژئاوای شارەكە بۆ ناوچە ئارامەكانی دوور لە شەڕو پێكدادانەكان گواستەوە".
لای خۆیەوە ئەفسەر لە هێزەكانی فیرقەی ٩ی زرێپۆش، ملازم سەمیر داود موحسن رایگەیاند كە هێزەكانیان و حەشدی شەعبی گوندی تەل سوبان رۆژئاوای شاری شاری تەلەعفەر و تەل زونبار كە دەكەوێتە سەر شارەكەیان كۆنتڕۆڵكردەوە و دواتر بەرەو ناوچەی قەرە تەقە پێشڕەوییان كرد.
سەمیر داود موحسن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزە هاوبەشەكان لە میحوەری باشووری رۆژئاواوە توانیویانە بە دراێژایی سێ كیلۆمەتر بەرەو شاری تەلەعفەر ناوەندی قەزاكە پێشڕەویی بكەن".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر ناوەندی قەزاكە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هێزەكانی سوپا، دژە تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ، حەشدی شەعبی راگەیاند.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پشتیوانی ئاسمانی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دابینكراوە.