Müslüm Etgü
10 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2023
شانلیئورفا - AA
پارێزگای شانلی ئورفا یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی ئاژەڵداری لە تورکیا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانیش بازاڕی ئاژەڵداران گەرم بووە.
ئەو ئاژەڵانە لە زستاندا لە گەوەڕ و لە هاویندا لە لەوەڕگەکان دەلەوەڕێندرێن و بەشێوەیەکی باش بەخێو دەکرێن، دواتر دەهێندرێنە مەیدانی ئاژەڵان لە قەزای ئەیوبییە.
بەشێک لە ئاژەڵەکان لەلایەن دانیشوتانی شانلیئورفاوە بۆ قوربانی دەکڕدرێن و بەشێکیشیان دەنێردرێنە پارێزگاکانی دیکەی رۆژئاوای تورکیا.
- ئاژەڵدارەکان لە نرخەکان رازین
سەرۆکی رێکخراوی بازاڕی ئاژەڵانی شانلیئورفا، عیزەت چیفتچی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان بازاڕی ئاژەڵداری گەرم بووە و رایگەیاند: "لە ئێستادا کە چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ جەژنی قوربان، مەڕدار و کڕیارەکان بەشێوەیەکی چڕ روو لە بازاڕەکە دەکەن. ئێمە لێرەوە ئاژەڵ رەوانەی وڵاتانی عەرەبی و شارەکانی رۆژئاوای تورکیا دەکەین".
هەرچەندە چەند رۆژێکی ماوە بۆ جەژنی قوربان، بەڵام فرۆشمان زۆرە و نرخەکانیش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادین کردووە".
عەبدوڵڵا ئۆبا یەکێکە لە ئاژەڵدارەکان و باس لەوە دەکات کە نرخی ئاژەڵەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزە و بەمهۆیەوە قازانجیان زۆرە، گوتیشی: "نزیکەی شەش مانگ ئاژەڵەکانمان بە جۆ و کا بەخێوکردووە. ئێستا ئاژەڵەکانمان هێناوە بۆ بازاڕ و پشت بەخوا هەموویان دەفرۆشین".
خەلیل یۆڵجو ماوەی ٣٠ ساڵە کاری بازرگانی بە ئاژەڵەوە دەکات و دەربارەی بازاڕی ئاژەڵ لەمساڵدا رایگەیاند: "لە ئێستا فۆرشی زیاترمان بۆ شارەکانی رۆژئاوای تورکیایە. لە ئاداناوە تا ئیستانبوڵ ئاژەڵ دەنێرین بۆ شارەکان. بەڵام لە چەند رۆژی ئایندەدا فرۆشتنی ئاژەڵ بە شارەکانی رۆژئاوای تورکیا دەوەستێت و سەرنج دەخەینە سەر فرۆشی ناوخۆیی. نرخەکان کەمێک بەرزن بەڵام لەبەر ئەوەی نرخی بەرهەمەکانی دیکەش زیادیان کردووە، زیادبوونی نرخی ئاژەڵ شتێکی ئاساییە".