Suat Öztürk
10 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2023
ئەلعەزیز- AA
بەڕێوەبەری ناوچەی نۆ لە فەرمانگەی کاروباری ئاو(DSİ) ، سەباحەددین شامجی رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو بارانەی لە چەند رۆژی رابردوو ناوچەکەیانی گرتەوە، ئاستی ئاوی بەنداو و دەریاچەکان لە پارێزگای ئەلعەزیز زیادی کردووە.
شامجی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئاستی ئاوی بەنداو و دەریاچەکان لە ئەلعەزیز لە دۆخێکی باشدایە و گوتی: "رێژەی پڕیی ئەو بەنداوانەی بۆ ئاودێری سوودیان لێ وەردەگیرێت، لە لەسەدا ٧٧ەوە بۆ لەسەدا ٩٠ەکان زیادی کردووە، هاوکات رێژەی پڕیی ئەو بەنداوانەی بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکار دەهێندرێت لە لەسەدا ٦٨ەوە بۆ لەسەدا ٧٨،٥ بەرز بووەتەوە."
- هیچ گرفتێک لە ئاودێریدا نییە
بەڕێوەبەری ناوچەی نۆ لە فەرمانگەی کاروباری ئاو، شامجی روونیکردەوە ئەگەر ئەمساڵ باران بارین بەردەوام بێت، ئەوا هیچ کێشەیەکیان لە ئاودێریدا نابێت، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر، گوتیشی: "لە وەرزی ئاودێریدا هیچ کەسێک رووبەڕووی بێ ئاویی نابێتەوە".
شامجی ئاماژەی بەوە دا کە دوای وەرزی بارانبارین، ئاو لە بەنداوەکانی ئەلعەزیز گەیشتووەتە دوایین ئاست و رایگەیاند ئەو بەنداوانەی دروستکراون گەرەنتیکاری داهاتووی جووتیارانن.