Rewa Mahmood Hasan
11 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2023
سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
زۆرن ئەو کەسانەی لە رێی کۆڵنەدان، بەردەوامی و ئیرادەیانەوە دەگەن بەخەونەکانیان.
چیرۆکی لاژە واحید ئەو گەنجە کورتەباڵایەی کە دوای هەوڵدان و کۆڵنەدانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنپێداویستی تایبەتە و کەسێکی کورتەباڵایە، بەڵام بووە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری و پاش هەوڵدانێکی زۆر، بە خەونەکەی گەیشت.
لاژە واحید بەکر کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵە و لەدایکبووی ناوچەی برادۆستە لە هەرێمی کوردستان و هەر لە منداڵییەوە لە سلێمانی گەورە بووە، ئەو کەسێکی خاوەنپێداویستی تایبەتە و کورتەباڵایە، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لە گەیشتن بە خەونەکانی.
لاژە واحید چیڕۆکی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەگێڕیتەوە و باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێرییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە کورتەباڵایان، نەیتوانیووە ئەو خەونەی بێنێتە دی.
وەک لاژە باسی دەکات لە ساڵی ٢٠١٨ دا سەردانی نووسینگەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری دەکات بەڵام بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە کورتەباڵا و کەمئەندامان، نەیتوانیووە ئەو خەونەی بهێنێتە دی، بۆ ئەو مەبەستە چەندینجار سەردانی دەرەوەی وڵاتی کردووە تا ئۆتۆمبێلی تایبەتی بۆ رێکبخرێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری و ئۆتۆمبێلی خۆی.
لاژە ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر دوای نائومێدبوونی لەدەرەوەی وڵات، جارێکی دیکە سەردانی نووسینگەیەکی شۆفێری دەکات لە سلێمانی بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری.
بەرەبەیانییەک یەکێک لە خاوەن نووسینگەکانی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری ئاکۆ محەمەد قادر، لە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە لاژە دەکات و پێی دەڵێت من خوازیارم کێشەکەت بۆ چارەسەر بکەم.
خاوەن نوسینگەیەکی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، ئاکۆ محەمەد قادر بەم شێوەیە باسی لە چیڕۆکەکە کرد و گوتی: "پێش چەندین ساڵ گەنجێک بەناوی لاژە کە خاوەنپێداویستی تایبەتە سەردانی کردین بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام بەهۆی کورتەباڵاییەوە، ئۆتۆمبێلمان نەبوو تایبەت بەو خاتوونە گەنجە، بۆیە بیرم لەوە کردەوە کە لە رێگەی ئاسنگەرێکەوە ئۆتۆمبێلێک بە جۆرێک رێکبخەم کە بۆ لاژە گونجاو بێت و قاچی بگاتە پایدەری بەنزین و ئیستۆپەکە، بۆیە بڕیارمدا کە لاژە بانگ بکەم بۆ نووسینگە و قیاسی قاچەکانی بکەم".
ئاکۆ محەمەد قادر بۆ هەمان مەبەست داواکارییەک ئاراستەی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی دەکات، هاوکات لە پشکنینی تەندروستیی تایبەت بە مۆڵەتی شۆفێرییشدا، لاژە دەرچووە و هیچ لارییەکیان نەبووە لە وەرگرتنی مۆڵەتەکەدا و لەوێیەوە ئاکۆ دەست دەکات بە رێکخستنی ئۆتۆمبێلەکە بەپێی خواستی کورتەباڵایەک، پاش وەرگرتنی وانەی تیۆری و پراکتیکی، دواجار لاژە دەچێتە بەردەم ئەفسەری تایبەت بە تاقیکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریی و بەسەرکەوتوویی دەردەچێت و دەبێتە یەکەم کورتەباڵا کە مۆڵەتی شۆفێری پێدەدرێت.
لاژە واحید ئاماژەی بەوەکرد کە زۆر خۆشحاڵە بە وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری و گەیشتن بەخەونەکەی و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە گەیشتم بە ئاواتەکەم و بوومە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری، داوا دەکەم لە هەموو کەمئەندامان و کورتەباڵایان کە ئیتر دەستبەرداری خەونەکانیان نەبن و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانیان بدەن تا بگەن بە ئامانجەکانیان، نابێت ئیتر خاوەنپێداویستی تایبەت ببنە جێی بەزەیی خەڵک، داوا دەکەم کە حکوومەت هاوکاری تەواو بکات لە رێکخستنەوەی شەقام و رێگاکان و ئاسانکاری بۆ تەواوی خاوەنپێداویستییەکان".
11.06.2023 چیڕۆکی کۆڵنەدانی خاوەنپێداویستییەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری
چیرۆکی لاژە واحید ئەو گەنجە کورتەباڵایەی کە دوای هەوڵدان و کۆڵنەدانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنپێداویستی تایبەتە و کەسێکی کورتەباڵایە، بەڵام بووە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری و پاش هەوڵدانێکی زۆر، بە خەونەکەی گەیشت.