Rewa Mahmood Hasan
12 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2023
سلێمانی - AA
جووتیارێکی دەشتی شارەزوور ئاماژە بەوە دەدات کە گەنم و جۆ، پڕ پیت و بەرەکەت بووە و پارچە زەوی وا هەیە ساڵانە لە کاتی دروێنەدا ١٠ تۆن بەرهەمی تێدا بووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووە بە ١٥ هەتا ٢٠ تۆن. هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ بارانبارینی زۆر.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە، جووتیاران بە بەکارهێنانی ئامرازەجیاوازەکان بەرووبوومی گەنمەکانیان دەدوورنەوە و بەراورد بە ساڵانی رابردووش، بەرووبوومی گەنمی ئەمساڵ زۆر زیادی کردووە.
نازم حاجی فەتاح (تەمەن ٤٠ ساڵ) کە جووتیارێکی خەڵکی گوندی حەمەی بارامە لە بناری زڕگوێز لە دەشتی شارەزوور ( دەشتی شارەزوور دەکەوێتە باشوور و باشوورى رۆژهەڵاتى شارى سلێمانى)، لە کاتی سەرقاڵی بە دروێنەی گەنم، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە بەرهەمی گەنمی لەمساڵدا کرد، هەروەک کێشەکانی بەردەم ساغکردنەوەی بەرهەمی دانەوێڵەکانی خستەڕوو.
سەرەتا ئەو جوووتیارە گوتی، "ئەمساڵ بەروبووم زۆر باشە، سوپاس بۆ خودا، بەڵام ساڵانی پێشوو بێبارانی و وشکەساڵی بوو. بەرهەمی گەنممان هەتا بڵێی چاکە. ئەگەر ساڵان پارچە زەوییەک ١٠ تۆن گەنمی تیادا بووایە، ئێستا ئەگەر بەراوردی بکەیت ١٥ بۆ ٢٠ تۆن جیاوازی هەیە. بەڵام ئێمە کێشەی ئەوەمان هەیە حکوومەتی عێراقی پشتگیریی سایلۆکانمان ناکات. لە دۆنمێک زەویدا یەک تۆن و ١٠٠ هەتا یەک تۆن و ٢٠٠ بەروبووممان دەداتێ. بەڵام تەنها ٩٠ کیلۆیان بۆ ئێمە کردووە بۆ هەر دۆنمێک. ئێمە ناڵێین یەک تۆن یان ٧٥٠ کیلۆگرامیان بۆ بکردینایە، بەڵکو ٥٠٠ کیلۆگرامیان بۆ جووتیار بکردبایە زۆر باش دەبوو".
لەبارەی چۆنییەتی ساغکردنەەی بەرهەمەکانیان و ئەو کێشانەی بۆیان دروست بووە، ئەو جووتیارە دەلێت، "ئەو بەروبوومەی ئێمە دەینێرین، رێژەیەکی کەمی بۆ سایلۆی سلێمانی دەنێرین، حکوومەتی عێراقی لێمان وەردەگرێت، ئەوەیش حکوومەتی هەرێم نییە و ئەوان ئەم کارە ناکەن. ئەگەر حکوومەتی عێراقی وەرینەگرێت، سایلۆکانیش لێمان وەرناگرن. ئەوەیش دەمێنێتەوە عەلافەکان بە بڕە پارەیەکی کەم بەروبووم لە جووتیارەکان دەکڕنەوە. ئەوە لە کاتێکدا جووتیارەکە یەک تۆن کوتی کڕیوە بە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار. یەک تۆن کووتی سپی کڕیوە بە یەک ملیۆن و سەد هەزار. بەبێ ئەو بڕە پارەیەی داویەتی بە کرێی زەوییەکە. بەبێ دەرمان و کرێی دەڕاسە".
هاوکات وەک داوایەکیش بۆ حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق کە گەنمەکانیان لێوەردەگرنەوە و لەپێناو بەهەدەرنەچوونی هەوڵ و ماندووبوونەکانی جووتیاران، نازم حاجی فەتاح دەڵێت، "ئەگەر حکوومەتی عێراقی ئەم رزقەمان لێ وەربگرێت، زۆر باش دەبێت چوونکە داهاتمان زۆر باشە. ئەگەرچی دەڵێن حکوومەتی عێراقی ٧٠ کیلۆیەکی دیکەیشمان بۆ زیاد دەکات، بەڵام ئێمە ئیشمان بە ٧٠ کیلۆ ناڕوات. ئێستا ئەو جووتیارە بەڕێزەی ئێمە ئیشی بۆ دەکەین زیاتر لە ١٠٠ تۆن تا ١٥٠ تۆن گەنمی ماوەتەوە. حکوومەت لێی وەرناگرێت. ئەوەی حکوومەت وەریناگرێت دەبێت بیفرۆشێتەوە بە عەلافەکان. حکوومەت ٨٥٠ دینار دەدات، بەڵام ئەگەر عەلاف بیکڕێت ٥٥٠ دینار دەکات. جووتیارەکەیش بە کرێی زەوییەکە و دەڕاسە و جووتکردنەوە لە کۆتاییەکەیدا بە مایەکاری لێی دەردەچێت".
12.06.2023 لە دەشتی شارەزوور بەرهەمی گەنم دوو هێندە زیادی کردووە
جووتیارێکی دەشتی شارەزوور ئاماژە بەوە دەدات کە گەنم و جۆ، پڕ پیت و بەرەکەت بووە و پارچە زەوی وا هەیە ساڵانە لە کاتی دروێنەدا ١٠ تۆن بەرهەمی تێدا بووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووە بە ١٥ هەتا ٢٠ تۆن. هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ بارانبارینی زۆر.