Hawkar Yaseen
07 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
لە درێژەی گەیاندنی هاوکارییەکانی مانگی سووری تورکی بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 250 پاکێجی خۆراکی جۆراوجۆر و چەند کارتۆنێک ماددەی پاکژکەرەوە گەیەندرایە سفەیەی کاکەیی نشین سەربە ناحیەی گوێر باشووری رۆژئاوای هەولێر.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف رایگەیاند "ئێمە وەک وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەگەڵ مانگی سووری تورکی لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییە مرۆییانەدا کە لە رابردووشدا سەردانی شێخان و لالش-مان کرد و سەردانی کەمپی ئاوارە ئێزدییەکانمان کرد، ئەمڕۆش لە سفەیەین کە هەموویان لەلایەن مانگی سووری تورکییەوە هاوکارییەکی زۆر کراون زۆر سوپاسیان دەکەین، ئەمە زیاتر لە هاوکارییە مرۆییەکە پشتیوانی مەعنەوییە ئێمە بەبێ جیاوازی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان دەکەین بەتایبەت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، هاوکارییەکانی ئەمڕۆ بۆ کاکەییەکانە کە پێکهاتەیەکی رەسەنی هەرێمی کوردستانن".

گوتیشی: "بەناوی خۆمانەوە وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان زۆر سوپاسی حکوومەتی تورکیا دەکەین، سوپاسی مانگی سووری تورکی دەکەین کە لەم کاتەدا ئێمەی بە تەنیا بەجێ نەهێشتووە، چونکە دەزانین لەئێستادا ئەم نەخۆشییە کاریگەری خراپی کردووەتە سەر رەوشی ناوچەکە و لەم کاتەدا ئەم هاوکارییە زۆر گرنگە و دووبارە سوپاس".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "بەهەموو ئەو هاوکارییانەی ئامادەکراوە و دابەشکراوە بۆ نزیکەی دوو هەزار خێزانە لە کەرەستەی خۆراکی و نزیکەی 500 کارتۆن کەرەستەی تەندروستی و پاککەرەوەیە، ئەوەی ئەمڕۆش دابەشدەکرێت نزیکەی 250 کارتۆن کەرەستەی خۆراکی چەند کارتۆنێک کەرەستەی پاککەرەوەیە و بەسەر خەڵکی هەژاردا دابەشدەکرێت"

بەرپرسی مانگی سووری تورکی لە عێراق، موراد ئۆزگوڤەن رایگەیاند "ئێمە وەک مانگی سووری تورکی لە چوارچێوەی گەیاندنی هاوکارییەکانمان بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت ئەمڕۆ سەردانی سفەیەمان کردووە، نزیکەی 250 بەشە هاوکاری کەرەستەی خۆراکی کە پێکهاتوون لە برنج، شەکر، ئارد، کەرەستەی خۆراکی دیکە و چەند کارتۆنێک کەرەستەی پاکژکەرەوە و تەندروستیمان هێناوە لەگەڵ خۆمان بەسەر خەڵکی هەژاری شارۆچکەکەدا دابەشی دەکەین، پێشتریش هاوکارییمان گەیاندبووە ئێزیدییەکان لە کەمپێکی دهۆک و سەردانی لالش و شێخان-یشمان کردبوو".
دابەشکردنی هاوکارییەکان بە هاوکاری بەرپرسانی ئیداری سنوورەکە بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر، مەسعود نوری رایگەیاند "بەناوی ئیدارەی ناحیەکە و ناوچەکە سوپاسیان دەکەین کە خەمخۆریان بۆ ئێمە و خەڵکی کەمدەرامەتی ئەم ناوچەیە نواند، سوپاسی مانگی سووری تورکی دەکەین کە ئەمڕۆ ئەو هاوکارییەیان گەیاند، خۆتان دەزانن ئەو بارودۆخە بەهۆی پەتای کۆرۆنا دروستبووە خەڵک بەشی زۆریان ئیش و کار و کەسابەتیان لەدەستداوە بۆیە بەڕاستی هاتنیان لەم کاتەدا و پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییانە پێویست بوو، دووبارە سوپاسیان دەکەین و هیوادارین لە داهاتووشدا بەردەوامبن بۆئەوەی بتوانن خەڵکێکی زیاتر سوود لە هاوکارییەکانیان وەربگرێت".