Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی ـ AA
مانگی سووری تورکی، ئەمڕۆ لە شاری ھەڵەبجە خوانی گەرمی بۆ پێنج ھەزار کەس ئامادە کرد، ئەو خوانە ئامادەکراوە بەسەر زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە لە ھەڵەبجە، دەربەندیخان و گوندەکانی ناوچەکە دابەشدەکرێت. ھەروەھا مانگی سووری تورکی خۆراک بەسەر لێقەوماوانی کارەساتەکەدا دابەش دەکات.
بەڕێوەبەری مانگی سووری تورکی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، گۆکسەن یونیگول لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەستمان کرد بە ئامادەکردنی خواردنی گەرم بۆ زانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی چەند رۆژی رابردووی ناوچەکە لە سنووری ھەڵەبجە و دەربەندیخان، ئەو خواردنە بەسەر قوتابیانی بەشە ناوخۆیی زانکۆی ھەڵەبجە و نەخۆشخانەکانی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری ھەڵەبجە و دەربەندیخان دابەش دەکەین کە بەھۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتووە".
یونیگول ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی خوانی گەرمی ئامادەکراو و کۆمەک و ھاوکارییەکانی دیکە وەک خێوەت، بەتانی و پێداویستییەکانی دیکە بەردەوامدەبێت.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە باسی لەوەشکرد، چەند خێوەتێک بۆ بەشی ناوخۆیی زانکۆی ھەڵەبجە و نەخۆشخانەکانی شارەکە ھەڵدەدەن، کە بەھۆی بومەلەرزەکەوە بیناکانیان زیانیان بەرکەوتووە و ترسیان ھەیە لە مانەوە لە بیناکانیاندا.
بەڕێوەبەری مانگی سووری تورکی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، گۆکسەن یونیگول ئاشکرای کرد کە تائێستا زیاتر لە ٥٣ بارھەڵگر کە چادر، دۆشەک و بەتانی و پێداویستی سەرەتایی دیکەی هەڵگرتبوو لە تورکیاوە گەیشتونەتە ناوچەکە و بەسەر زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دابەشکراوە.