Ramal Mahmood
07 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2016
هاووڵاتییانی سڤیلی حەلەب کە بەهۆی هێرشەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و میلیشیا شیعەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، داوای هاوکاریی مرۆیی لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن.
هێزەکانی رژێم و پشتیوانانی بەردەوامن لەو هێرشانەی لە ١٥ی مانگی رابردووەوە بەچڕی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن دەستیانپێکردووە لەخۆرهەڵاتی حەلەب، ئێوارەی دوێنێ ژمارەی قوربانیان بۆ ٨٢٨ کەس بەرزبووەوە.
بەهۆی بۆردوومانی چڕ و قورسی هێزەکانی رژێم لە نیوەشەودا، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ناچاربوون لە گەڕەکەکانی باب حەدید، باب ناسر و جوب کوبا بکشێنەوە و رووبەڕی ٢.٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە بۆ سوپای ئەسەد و میلیشیا شیعەکان بەجێبهێڵن.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ١٥ی مانگی رابردوودا رووبەڕی ٤٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەژێردەستدابوو، لەماوەی ٢٣ رۆژی رابردووشدا لە سەدا ٦٥ی ئەم رووبەڕەیان لەدەست داوە و تەنها ١٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەدەستدا ماوە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی پارێزگای حەلەب نەجیب ئەنساری بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند بەهۆی هێرشەکانی رژێم و پشتیوانانی دەیان هەزار هاووڵاتیی سڤیل لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنەوە روویانکردووەتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد. ٢٤٠ هەزار هاووڵاتییش لەگەڕەکەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن ماونەتەوە.
فەرماندەیەک لەسوپای سووریای ئازاد بەناوی محەممەد شێخ ئاماژەی بەوەدا رژێم بەزۆرەملێ پیاوانی ١٨-٤٠ ساڵ لە فڕۆکەخانەی سەربازیی نەیراب کۆدەکاتەوە و لەوێوە رەوانەی بەرەکانی جەنگیان دەکات.
هاووڵاتییەکی سڤیلی حەلەب بەناوی محەممەد لیاب ئاماژەی بەوەدا کە لەماڵەوە ئاو و کارەبا و نانیان نییە و گوتی: "دوو منداڵمان هەیە پێویستیمان بە خۆراک و شیرە. ئەگەر شیر دەستیش بکەوێت نرخی زۆر گرانە. داوودەرمان نییە بۆ نەخۆش و لەنەخۆشخانە چاودێریی ناکرێن. هاووڵاتییان بە دەم گیانەڵڵاوە دەمرن. خزمێکم بەهۆی ترسی لەو بۆردوومانانە مێشکی تووشی خوێنبەربوون بووە. هیچی پێ قوت نادرێت، ١٥ رۆژە هیچی نەخواردووە".
هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ساڵح عومەر لەگەڕەکی کەللـەسە کە هێشتا شەڕ و پێکدادان تیایدا بەردەوامە، گوتی: "ئێستا هێزەکانی رژێم بە ئاڕاستەکردنی گوللـە هاوەن و تۆپ وبەباکرهێنانی تانک ئێرە دەکەنە ئامانج. ژمارەیەکی زۆر لەهاووڵاتییان برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە. ژمارەیەکی زۆری دیکەی هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکدا گیریان خواردووە. شەقامەکان پڕن لە تەرم. دوای ئەوەی کۆمپانیای دابەشکردنی ئاو کەوتە ژێر دەستی هێزەکانی رژێم ئاویشیان لێبڕین. نەخۆشخانەکان خزمەتگوزاری پێشکەشناکەن و نانەواخانەکان داخراون.خۆرهەڵاتی حەلەب لە دۆخی کۆمەڵکوژییدایە".