Hemin Hüseyin
09 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2019
هەولێر - AA
مەڵبەندی شەفەقە تایبەت بە ھاوکاریکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی کەم دەرامەت، بە ھاوکاری مانگی سووری تورکی کرایەوە.
بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی و سەرکۆنسولی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای و بەرپرسی لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی، ھاوڕێ ئیحسان رێوڕەسمەکە بەڕێوەچوو کە بڕیارە ھەفتانە ۱٥ خێزان لەم مەڵبەندە سوودمەند بن.
سەرکۆنسولی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، ھاکان کاراچای بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشداریمانکرد لە کردنەوەی مەڵبەندی شەفەقە کە بە ھاوکاری مانگی سووری تورکی و لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی و کۆمپانیایەک جێبەجێ دەکرێت".
ھاکان کاراچای گوتیشی: "ئەو ھاوکارییانەی لەم مەڵبەندەوە پێشکەش دەکرێن لە رووی شێوازەوە جیاوازی ھەیە لەوانی دیکەوە، جیاوازییەکەی ئەوەیە کە کەمدەرامەتان سوودمەند دەبن و پێداویستییەکانیان دابین دەکرێت، ھەروەھا لەم مەڵبەندەدا کەم دەرامەتان دەرفەتی ھەڵبژاردنی کاڵاکانیشیان پێ دەدرێت و بە ئارەزووی خۆیان پێداویستییەکانیان ھەڵدەبژێرن".
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کردنەوەی مەڵبەندی شەفەقە بۆ ئەوەیە کە هەفتانە هاوکاری ١٥ خێزان بکرێت لە رووی دابینکردنی جلوبەرگ و سۆپا و خواردنەوە. پێداویستییەکان بۆ خەڵکی کەم دەرامەت دەبێت، جا ئەو خێزانانە عەرەب یان تورکمان یان کورد یان کریستییان بن. کۆمپانیایەکی تورکی سەپۆرتی دەکات و مانگی سووری عێراقی لقی هەولێر دەستنیشانی ئەو خێزانانە دەکات کە هەفتانە هاوکاری دەکرێن".
مەڵبەندی شەفەقە لەنێو ئۆفیسی لقی ھەولێری مانگی سوور عێراقی دەبێت و کارمەندان و خۆبەخشکاران بەھەماھەنگی مانگی سووری تورکی بەڕێوەی دەبەن.