Heman Hussein Yaseen Yaseen
17 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2019
هەولێر - AA
مانگی سووری تورکی کە ماوەیەکی زۆرە لە چالاکییەکانیدا بەردەوامە، ئەمڕۆ لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا، کۆمەک و هاوکاری گەیاندە پەنابەرانی کەمپی باسرمە سەربە قەزای شەقڵاوە کە ٦٠٠ خێزانی ئاوارەی سووریی لە خۆدەگرێت.
سەرۆکی لقی عێراقی مانگی سووری تورکی، موراد بیلگیلی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەک مانگی سووری تورکی، هەروەک بەدرێژایی مانگی رەمەزان بەردەوام بووین لە کۆمەک و هاوکاریکردن، هەروەها بە درێژایی ساڵ هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە کەمپی باسرمە، کۆمەکمان بەسەر ٦٠٠ خێزان دابەشکرد کە بریتیی بوو لە جلوبەرگ".
موراد بیلگیلی گوتیشی: "مانگی سووری تورکی لە شوێنێکی زۆر لە جیهاندا بەبێ جیاوازی ئایین، زمان و رەگەز هاوکارییەکانی بە بەردەوامی پێشکەش دەکات، ئەو هاوکارییانەش بریتین لە خۆراک و جلوبەرگ و کەلوپەلی پاککردنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ بەرپرسانی کەمپەکانی هەولێر و دەرەوەی هەولێر کار دەکەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی هەماهەنگیان هەیە و پێداویستی کەمپەکانیان دیاریکردووە و لەماوەیەکی نزیکدا کۆمەک و هاوکاری زیاتر دەگەیەنن بەو شوێنانەی کە پێویستن.
کەمپی باسرمە دەکەوێتە کۆمەڵگای باسرمە کە سەربە شارەدێی هەریرە لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوای تێکچوونی بارودۆخی سووریا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سووریا وەکو پەنابەر لەم کەمپە نیشتەجێ بوون و لەئێستاشدا ژمارەی نیشتەجێبووانی ئەم کەمپە بریتییە لە ٦٠٠ خێزان.