Sangar Hamad Azeez
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2016
سەڤیم ئیلهان ئەو ئافرەتەی کە بە ئامانجی دابینکردنی بژێوی ژیانی چوارساڵ بەر لە ئێستا لە شاری وان نانەواخانەیەکی کردەوە، ئێستا نانەواخانەکەی گەورە کردووە و هەلی کارکردنی بۆ دوو ئافرەتی دیکەش لە نانەواخانەکە رەخساندووە.
ئیلهانی تەمەن ٥٠ ساڵ کە خاوەنی چوار منداڵە بەهۆی بێچارەیی و نەبوونی بژێوی ژیان چوار ساڵ بەر لە ئێستا نانەواخانەیەکی لە شاری وان کردەوە و بە پشت بەستن بەو ئەزموونەی کە لە دایکی فێربوو دەستی بە کارکردن کرد.
بە تێپەڕبوونی کات ئەو ئافرەتە توانی پەرە بە کارەکەی بدات و لە ئێستادا دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ کارەکەی گەورە کردووە و دوو ئافرەتیشی وەک یاریدەدەر لەگەڵ خۆی کار پێ دەکات.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانی ئانادۆڵو ئیلهان گوتی: "کاتێک بڕیارم دا نانەواخانەیەک بکەمەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوومەوە، گوتیان ئافرەت هەم ناتوانن هەم نابێت کاربکەن".
ئەو گوتی: "سەرەتا راوێژم بە کەس و کارە نزیکەکانم کرد دوای وەرگرتنی رەزامەندیان شوێن کارێکم بۆخۆم بەکرێ گرت و نانەواخانەم دروست کرد و دەستم بە کار کرد، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هاوشاریان زۆر کارەکەیان بەدڵ بوو کڕیارم زۆر بوو".
سەڤیم ئیلهان تیشکی خستە سەرئەوەی کە ئەو کەسانەی رەخنەیان لێدەگرت دوای دەست بەکاربوونی پاشگەزبوونەوە و گوتی: "دوای کارکردنم ئەوانەی رەخنەیان لێدەگرتم پەشیمان بوونەوە بەتایبەتی پیاوەکان لە بری رەخنە دەستی خۆشیشیان لێدەکردم".
ئەو ئافرەتە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە جگە لە دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی بووەتە هۆکاری رەخساندنی هەلی کارکردن بۆ کەسانی دیکەش و گوتی: "لە ئێستا رۆژانە ٤٠٠ نان دروست دەکەین، جگە لەوەی کە پارەیەکی باشمان پێ دەبڕیت کڕیارەکانیشمان کارەکەیان زۆر بەدڵە".
ئەو ئافرەتە هانی ئافرەتانی دیکەشی دا کە کاربکەن و گوتی: "با ئافرەتان لە ماڵ بێنە دەر و کار بکەن، راستە کە لەماڵەوە و لە دەرەوە کارکردن سەختە بەڵام پەیداکردنی بژێوی ژیان ماندووبوون لەبیر دەباتەوە، پارە پەیداکردن کارێکی زۆر باشە، بێ ئەوەی پێویستت بە کەسانی دیکە بێت دەتوانی سەربەرزانە بژی، من بەو کارەم یارمەتی خێزانەکەم و کەس و کاریشم دەدەم".