Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2017
سلێمانی -AA
لە باڵەخانەی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی، بە سەرپەرشتی قایمقامی ناوەندی سلێمانی و دادوەری لێكۆڵینەوەی نەوجەوانان و نوێنەرانی فەرمانگە و رێكخراوە پەیوەندیدارەكان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی UNHCR و UNICEF، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە منداڵانی سەرشەقامەكان و تاوتوێكردنی پڕۆژەیەكی تایبەت بەو منداڵانە بەڕێوەچوو.
دوای كۆبونەوەكە قایمقامی ناوەندی سلێمانی، ئاوات محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی:" لەم كۆبوونەوەیەدا لەسەر رۆشنایی پڕۆژەیەكی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان قسەمان كرد بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە كاربكەین بۆ دوورخستنەوەی ئەو منداڵانەی لەسەر شەقامەكان بڵاوبونەتەوە وەك منداڵانی بێسەرپەرشتیار بۆ ئەوەی ببرێنە سەنتەرێكی سەرپەرشتیار و كەیس بە كەیس لەگەڵ سەرپەرشتیارەكانیان مامەڵە دەكەین".
ئەو گوتی: "ئەنجامی كۆبوونەوەكە باش بوو، لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە جێبەجێكردنی پرۆسەكە لەسەر شەقامەكان دەكەین، هەروەها لە داهاتوودا كار لەسەر ئەو كەسانەش دەكەین كە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان سواڵ دەكەن".
رۆژانە لەسەر شەقام و ترافیك لایتەكانی ناو شاری سلێمانی، ژمارەیەكی زۆر منداڵ هەیە كە لە رێگەی فرۆشتنی خواردن و كەلوپەل یان سڕینی جامی ئۆتۆمبێلەكان یان سواڵكردنەوە داوای پارە لە شۆفێران دەكەن.
لایەنە بەرپرسەكانی شارەكەش دەڵێن زۆرینەی ئەو منداڵانە منداڵی ئاوارە و پەنابەرەكانن و رۆژانە لە كەمپەكانەوە دێنە شاری سلێمانی.
بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیە ئەو دەزگایانەی بەرپرسن لەو منداڵانە چالاكتر دەكرێن، هەروەها دوای وەرگرتنی بەڵێننامە ژمارەیەك لەو منداڵانە دەدرێنەوە كەسوكارەكانیان بەو مەرجەی جارێكی تر نەیەنەوە سەرشەقامەكان، بەشێكی تریشیان بۆ ماوەیەك لە سەنتەرەكانی گەشەپێدان و راهێنانی منداڵان دەهێڵدرێنەوە.