سلێمانی
ئەو پزیشك و كارمەندانە ماوەی چەند ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن كردووە، بەڵام ئەمڕۆ یەكشەممە بە شێوەیەكی ڕەسمی مانگرتنەكەیان كردە مانگرتنێكی سەرتاسەری لە سنوری پارێزگای سلێمانی و فیدراسیۆنێكی تایبەتیان بە ناوی "فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی ناوەندی تەندروستی" ڕاگەیاند كە سەرجەم ڕێكخراوە تەندروستییەكانی لە خۆ گرتووە.
لهم بارهیهوه گوتەبێژی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بێستون فەتاح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی ناوەندی تەندروستی دەستمان بە مانگرتن كردووە و داوای مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی ساڵی ڕابردوو دەكەین".
بێستون ههروهها گوتی: "مانگرتنەكەمان سەرجەم نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی گرتووهتەوە جگە لە شوێنە هەستیارەكان، بەردەوامیش دەبین لە مانگرتن تا ڕۆژی وەرگرتنی مووچە و ئەگەر وەڵام نەدرێینەوە هەڵوێستی توندتر وەردەگرین".
فیدراسیۆنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا جگە لە پێدانی مووچەی دوو مانگی ڕابردوو، داوای سەرجەم دەرماڵەی كارمەندان و دابینكردنی بودجە بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستییەكان دەكات.
كارمەندێكی تەندروستی به ناوی محەمەد پشدەری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان جیاوازی چینایەتی هەیە و حكومەت جیاوازی گەورە دەكات لە نێوان چینەكاندا، بە جۆرێك چینێك مووچەیەكی زۆر وەردەگرێت و چینێكی تر مووچەیەكی كەم".
ئەو مانگرتنەی كارمەندانی تەندروستی كێشەی گەورەی بۆ ئەو كەسانە دروست كردووە كه سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن و ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی لە بەردەم نەخۆشخانەكاندا لە چاوەڕوانی كۆتاییهاتنی مانگرتنی كارمەندانی تەندروستیدا بوون.
لەلایەكی دیكهوه چەند فەرمانگەیەكی دیكهی شاری سلێمانی بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە مانگرتنیان ئەنجامداو نەچونەوە سەر كارەكانیان.
لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی كێشەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان، قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان سەری هەڵدا و مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا دابەش ناكرێت و ئەوەش نیگەرانی و بێزاری لای فەرمانبەران دروست كردووە و ماوەی دوو هەفتەیە فەرمانبەرانی دەزگاكانی پارێزگای سلێمانی دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپیشاندان.
وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی گوتی: "لەم هەفتەیەدا حكومەتی عێراق بڕی 583 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات ، لەو بڕە پارەیەش مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەران دابەش دەكەین".