Cemal Sargati
15 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانى - AA
لەکۆنفرانسەکەدا باسى ئەو گۆڕانکاریانە کرا کە لە چەند ساڵى رابردوودا دروست بوون و بوونەتە هۆى ئەوەى ژینگە پیس بکەن، هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەى کە بڕیارە لە چەند ساڵى داهاتوو رووبدەن و کاریگەرى هەبێت بۆ سەر هەر تاکێکى سەر زەوى باس کران. شارەزایانى بوارى ژینگەش دەڵێن پێویستە کاربکرێت بۆئەوەى چیتر هۆکارەکانى پیسبوونى ژینگە زیاد نەکرێن و چیتر ژینگەى هەرێمى کوردستان زیاتر پیس نەبێت ئەگەرنا ئەوا هەرێمى کوردستان بە قۆناغێکى هەستیاردا تێپەردەبێت.
بەرێوەبەرى رێکخراوى ریچ و سەرپەرشتیارى کۆنفرانسەکە، مونیرە عەلى حەسەن بەئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "ئێمە وەک رێکخراوى ریچ لەشارى سلێمانى هەستاین بە رێکخستنى ئەم کۆنفرانسە لە ژێر ناونیشانى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و ئامادەکارى بۆ رووبەڕووبوونەوەى کاریگەرییەکانى. ئامانجمان لەم کۆنفرانسە گۆڕینەوەى زانیارییە لەنێوان چەند کەسێکى شارەزا و پسپۆر لەسەر گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و کاریگەرییەکانى".
گوتیشى: "لەکۆتایى ئەم کۆنفرانسەدا نووسراوێک ئامادە دەکەین و ئاراستەى لایەنى پەیوەندیدارى دەکەین، تا لە داهاتوودا کارى لەسەر بکرێت و کاربکرێت بۆئەوەى ژینگەى هەرێمى کوردستان پاک ببێتەوە، کاریگەرییە خراپەکانى کەشوهەوا کە لە ئێستاشدا هەموو جهیانى گرتووەتەوە، ئەویش باس دەکرێت کە هەرێمى کوردستان بێ بەش نابێت لە گۆڕانکارى کەشوهەوا و پێویستە هەر لە ئێستاوە کاربکرێت بۆئەوەى ئەو گۆڕانکاریانە کە روویان داوە و روودەدەن کاریگەرى زۆر نەکاتە سەر هەرێمى کوردستان و رێگا چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە".
لاى خۆیەوە شارەزا لە بوارى کەشوهەوا، دارا حەسەن مەجید بەئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "ئەنجامدانى ئەم کۆنفراسە گرنگى و بایەخى خۆى هەیە و پێویستە ئەم جۆرە کۆنفرانسانە گرنگیان پێ بدرێت تاکو خەڵکى هۆشیار بکرێنەوە لەو گۆرانکارییانەى کە روو دەدەن و کاردەکەنە سەر پیسبوونى ژینگە و پێویستیشە حکوومەتى هەرێم و لایەنى پەیوەندیدار کاربکەن تاکو کاریگەرییەکانى پیسبوونى ژینگە نەمینێت و هەروەها زیاتر کار بکرێت بۆئەوەى ژینگە پیس نەبێت".
ئەو شارەزایە ئەوەشى گوت "لە هەرێمى کوردستان یاسای ژمارە 8 دەرچووە بەڵام تاکو ئێستا بەندێکى لەو ژمارە یاسایە نەچووەتە بوارى جێ بەجیکردنەوە بەوەى کە لێپێچینەوە لە کارگەکان ناکرێت کە ژینگە پیس دەکەن و لێپێچینەوە لەو کەسانە ناکەن کە سەرپێچى ژینگەیى دەکەن بەسووتاندنى دارستان و دار و درەختەکان و بڕینەوەیان و هەروەها بەفیردانى ئاو ئەمانە و چەندانى تر هۆکار بۆئەوەى ژینگە هەرێمى کوردستان پیس ببێت".
دارا حەسەن راشیگەیاند "زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانى گواستنەوە ئەوانیش هوکارى سەرەکین بۆ ئەوەى ژینگە پیس ببێت و یارمەتى دەرێکى باشن لەگەڵ هۆکارەکانى تر کە ژینگەى هەرێمى کوردستان بەتایبەت پیس دەکەن و پیسبوونى ژینگەش خەڵکى تووشى نەخۆشى دەکات و رۆژانەش بە هەزاران کەس لەجیهان دەبرێنە نەخۆشخانەکان کە بەهۆى پیس بوونى ژینگەوە نەخۆش کەوتووتن وهەرێمى کوردستانیش بێ بەش نییە لەوەى کە رۆژانە بە دەیان کەس دەبرێنە نەخۆشخانەکان کە بەهۆى پیسبوونى ژینگەوە تووشى نەخۆشى بوون".
شارەزا لە بوارى کەشوهەوا، دارا حەسەن مەجید گوتیشی: "بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دەبێتە هۆى تواندنەوەى بەفرەکانى هەردوو جەمسەرى باکوور و باشوور بەوەش ژینگەى جیهان زیاتر پیس دەبێت و رێژەى ئاویش زیاد دەبێت لەساڵانى 2030 ساڵانى دواتر رێژەى ئاو زۆر بەرز دەبێتەوە وڵاتانى وەک هۆڵەندا وئیتاڵیا و میسر وچەندین وڵاتى تر لافاو تێیاندا روودەدات و ناوچە کشتوکاڵیەکانیش نامێنن و مرۆڤ دەکەوێتە حاڵەتى مەترسیدار وە ئەو کاتەش زیاتر ژینگەى جیهان پیس دەبێت".
ناوبراو گوتیشى: "پێویستە زیاتر رووى هەرێمى کوردستان سەوز بکەین و گرنگى زیاتر بدەین بە کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان و بەکارنەهێنانى ماددە کیمیاییەکان تاکو لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان بەدووربین".