Azad Mohammed Abdullah
02 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2020
دهۆک - AA
دوو برای ئەڵمانی پێنج مانگ لەمەوبەر بڕایریاندا کە بە پاسکیل دەوری جیهان لێبدەن و تا ئێستا ١٠ وڵاتیان تێپەڕاندووە و ٥ هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتریان بڕیوە.
ماکسملیان و جۆهانس گیەریی ئەڵمانی دواى دوو کاتژمێر گفتوگۆ و شەش هەفتە ئامادەکاریی بە پایسکل لە شارى دۆرتمۆندى ئەڵمانیاوە دەستیانکرد بە گەشتێک بە جیهاندا و دواى بڕینى پێنج هەزار و ٣٣ کیلۆمەتر گەیشتنە قەزاى شێخان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک.

ئەم دوو گەشتیارە لە گەشتەکەیان بە جیهاندا سنووری ژمارەیەک وڵاتیان بڕی، ئەوان کولتوور و سروشتى هەرێمى کوردستان و هەڵسوکەوت و میوان دۆستى هاووڵاتییانى کورد بە نایاب وەسف دەکەن.
جۆهانس گیەرى تەمەن ٣٠ ساڵ کە ئەندازیارى ئەلیکترۆنییە، هاوشان لەگەڵ براکەی لە گەشتەکەى سەردانى پەرستگەى لالش-یان کردووە و دواتر بەرەو هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەڕێکەوتوون.
جۆهانس گیەرى لە سنوورى قەزاى شێخان لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە لە مانگی تشرینی یەكەم لە رۆژئاوای ئەڵمانیا لە نزیك شاری دۆرتمۆند، دەستمان بە گەشتەکەمان كرد، دواى بڕینى پێنج هەزار ٣٣ کیلۆمەتر گەیشتووینەتە قەزاى شێخان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لە هەرێمى کوردستان".
جۆهانس گوتیشى: "هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان زۆر هاوکار و میوان دۆستن و زۆریش رێز لە گەشتییار و کەسانى بیانى دەگرن، گەلێکى تێگەیشتوو و لێهاتوون، خاوەن کولتوورێکى جوان و سروشتێکى دڵڕفێنن، لێتان ناشارمەوە لەم گەشتەمدا کە لە ئەڵمانیا دەستم پێکردووە بە کۆمارى چیک، سلۆڤاکیا، نەمسا، هەنگاریا، بولگاریا، یۆنان و تورکیا تێپەڕیوم تا گەیشتوومەتە هەرێمى کوردستان، بەڕاستى تەنها سەرسامى خەڵک و خاکى هەرێمى کوردستان و سربیا بووم، چونکە زۆر هاوکارمان بوون، سربیا کەشەکەى گەرم و لەبار بوو، وەزرى دروێنەى گەنم و جۆ و بەربوومە کشتوکاڵییەکانمان بینى، ئەمە هەستێکى زۆر خۆشى بە گەشتەکەمان بەخشى".

ئەوان دەڵێن، ئەوەی لە ئینتێرنێت و جیهانی میدیادا بیستوویانە سەبارەت بە ژیانی خەڵکی تورک و کورد بەیەکەوە و نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا، راست نەبووە و بە پیچەوانەوە متمانەی تەواو لە نێوان ئەو دوو گەلەدا هەیە.
جۆهانس گیەرى هەروەها دەشڵێت "لە گەشتەکەمان بەردەوام دەبین و دواى هەرێمى کوردستان بەڕێدەکەوین بۆ ئێران، دواتر هەوڵ دەدەین روو لە پاکستان بکەین و پاشان بەرەو هیندستان و ئینجا رێگاى تایلاند دەگرینەبەر، دەمانەوێت ئەزموون و کولتوورى وڵاتان و نەتەوەکان بزانین".
جۆهانس گیەرى کە لە گەشتەکەیدا دەیەوێت جیهان بە چاوى خۆى ببینێت دەڵێت "زۆر شت لە میدیا و توڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنینەوە، ناکرێت باوەڕ بە هەموویان بکەین، بەڵکو دەبێت بە چاوى خۆمان ببینین، بۆ نموونە ئێستا بە چاوى خۆمان بینیمان کە گەلى کورد گەلێکى میوان دۆست و مرۆڤ دۆستن و میللەتێکى ئاشتیخوازن و رێز لە گەشتیار و کەسانى بیانى دەگرن".

ئەو گەشتییارە ئەڵمانییە هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە لە هەرێمى کوردستان بەشدارى لە جەژنى لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیحى کردووە و گوتى: "لە جەژنى لە دایکبوونى حەزرەتى مەسیح-دا کاتى زۆر خۆشمان بەسەر برد لەگەڵ خەڵکی باش و هاوڕێ کوردەکانمان لە هەرێم".
جۆهانس گیەرى دەشڵێت "شەوی رابردوو ویستمان بچین لە کۆمپانیایەک بخەوین، بەڵام بە ئێمەیان گوت کە جێگەى خەوتنى تیادا نییە، زانیمان بەهۆى نەبوونى جێگا بۆ ئێمە، هەستیان بە شەرمەزارى کردووە، لەبەرامبەردا وەکو قەرەبوو داواى لێبوردنیان کرد و چەندین خواردنى بە تام و چێژی کوردییان پێشکەش کردین".

ماکسملیان گیەرى کە ئەندازیارى تەکنیکییە، دڵخۆشە بەوەى کە لە کوردستانە، ئەو بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دەتوانم بڵێم هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە زۆربەی هاووڵاتییانى ئەڵمانیا کراوەترن، شتێکى نامۆیە کە لە ماڵ و چێشتخانەکان میوانداری دەکرێین و لەلایەن هاووڵاتییانەوە خواردنمان پێ دەدرێت، یان شتێک دەکڕێن چەند دانەیەکیش زیاتریشمان پێ دەدەن، ئەوەى لێرە دەیبینین لە وڵاتانى دیکە نەمانبینیوە، بۆ نموونە ئەمڕۆ دەمانویست بچین بۆ پەرستگەى لالش، هاووڵاتییەک پیک ئاپ-ەکەى راگرت و داواى کرد کە لەگەڵى سەرکەوین، ئێمەش پایسکلە دوو کەسییەکەمان کردە نێو ئۆتۆمبێلەکەى و لەگەڵى چووین بۆ پەرستگەى لالش".
گوتیشى: "لە گەشتەکەماندا لانیکەم ٤٠ کیلۆمەتر بە پایسکل دەڕۆین و هەندێک جار هەتا ١٤٠ کیلۆمەتر رێگەمان بڕیوە، ئێستا دەمانەوێت ٦٠ بۆ ٨٠ کیلۆمەترى دیکە ببڕین بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان باشتر ببینین".
ئەو دوو گەشتیارە ئەڵمانییە هەرچەند خیوەت بۆ نووستن بەکاردەهێنن و کەلوپەلى چێشت لێنانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، بەڵام نایشارنەوە کە هەندێک جار شوێنى مانەوەیان بە ئەستەم دەست دەکەوێت، بە ناچارى پەنا دەبەنە بەر خانووە تەواو نەکراوەکان تاوەکو بەهۆى باران بارینەوە تەڕ نەبن.
گەشتى ئەم دوو گەشتیارە ئەڵمانییە کە تا ئێستا نەچوونەتە نێو ژیانى هاوسەرگیرى و رۆژانە لەگەڵ باوک، دایک و خوشکەکەیان لە رێگەى پەیوەندى تەلەفۆنى قسە دەکەن لە کۆتایی مانگى ئازارى ساڵى ٢٠٢٠ کۆتایی دێت، دەیانەوێت لەو ماوەیەدا جیهان هەموو ببینن، بە پایسکلێکى دوو کەسى وڵات وڵات و لە وڵاتانیش شار بە شار دەگەڕێن.
دواى ئەوەى ئەو دوو برایە ئەڵمانییە لە گەشتەکەیاندا گەیشتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان سەردانى قەڵاى هەولێریان کرد و بە چرکاندنى وێنەى سێڵفی و گرتنى چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی و وەرگرتنی چەندین زانیاری لەبارەى هەولێر و قەڵاى هەولێر بە تایبەتى، خستە دەفتەرى یادگارییەکانیان.
دواى بینینى هەولێر و ئاشنابوون بە کەشوهەوای شارەکە و ناسینى خەڵکى سنوورەکە لە پلانی ئەو دوو گەشتیارەیە هەرێمى کوردستان جێبهێڵن و روو لە وڵاتى ئێران بکەن.