ژيان

دهۆک.. گەنجێک تووشى نەخۆشییەکى نامۆ دەبێت

- لە قەزاى بەردەڕەش سەربە پارێزگاى دهۆک، گەنجێک تووشى نەخۆشییەکى نامۆ دەبێت و لە برى فرمێسک، خوێن لە چاوى دەڕژێت و بەبێ برینداربوونى سەر، گوێ، لووت و دەمى خوێنى لێ دەچۆڕێت.

Azad Mohammed Abdullah  | 11.07.2019 - نوێکردنەوە : 16.07.2019
دهۆک.. گەنجێک تووشى نەخۆشییەکى نامۆ دەبێت

Dahuk

دهۆک - AA

محمود بەهجەت گەنجێکى تەمەن ٢٣ ساڵە و پیشەى کاسبکارە و دانیشتووى گەڕەکى شیوەڕەى قەزاى بەردەڕەشى سەربە پارێزگاى دهۆکە. ماوەى دوو مانگ دەبێت تووشى نەخۆشییەکى نامۆ بووە و رۆژ دواى رۆژ نەخۆشییەکەى لە پەرەسندندایە.

دایک، باوک، خوشک و براى مەحمود شەو و رۆژ ئێشکگرن و چاودێرى دۆخى تەندروستى ئەو ئەندامەى خێزانەکەیان دەکەن لە شەو رۆژێک یان زیاتر جارێک بۆ دووجار خوێن لە چاو، لووت، دەم، گوێ و سەرى دەڕژێت، هەندێکجار لە هۆش خۆى دەچێت و جارى وەهاش هەیە هەست بە دەورووبەر دەکات و دەزانێت کە خانەوادەکەى چەندە پەرۆشى تەندروستى ئەون.

ماوەى دوو مانگە سەرجەم داهاتى ئەم خانەوادەیە بۆچارەسەرکردنى نەخۆشییەکەى ئەم گەنجە تەرخانکراوە، ئەمەیش تاڕاددەیەک ئەرک و ژیانى خانەوادەکەى قورستر کردووە.

مەحمود بەهجەت عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "ماوەى دوو مانگ دەبێت تووشى نەخۆشییەک هاتووم کە خوێن لە چاو و گوێ و سەرم دێت بەبێ ئەوەى هیچ بریندار بوون و بەرکەوتنێک، نەک هەر خۆم و خانەوادەکەم تەنانەت پزیشکەکانى پارێزگاى دهۆک، و پارێزگاى نەینەواش سەریانسوڕماوە لە نەخۆشییەکەم".

ئەو گوتی: "سەرەتا خوێن لە دەم دەهات، زۆر هەوڵماندا دکتۆرەکان هیچ چارەسەرێکیان نەدۆزییەوە، دواتر نەخۆشییەکەم پەرەى سەند و خوێن لە چاو، گوێ و سەریشم هات، لەو کاتەى خوێن لە چاوم دێت پێستى رووخسارم دەجوڵێت، تا ئێستا ٥٠ پشکنینى پزیشکیم ئەنجامداوە، هیچ ئەنجامێک دەرنەکەوتووە و تا ئێستا ناو و جۆرى نەخۆشیەکەشم نازاندرێت".

سەرەڕاى نەخۆشییە نامۆکەى، ئەو گەنجە لەگەڵ خەڵک و ناسیاوەکانى قسە خۆش و دەم بەخەندەیە، بەڵام کە باسى نەخۆشییەکەى دەکات، نیگەرانى و خەمێکى قووڵ لە رووخسارى بەدەردەکەوێت، تاکە داواکارى و ئاواتى لە ژیانى گەنجیەتى ئەوەیە کابینەى نوێى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە بدۆزنەوە.

ئەمجەت عەبدولڕەحمانى مامى مەحمود بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لە نەخۆشیی برازاکەى دەکات و دەڵێت "سەرەتا خوێن لە دەمى دەهات، دواتر خوێن لە چاو، گوێ، لووت و سەریشى هات، خوێنەکە دەسڕینیەوە هیچ برینێک نابینین، زۆرجار بە هۆى نەخۆشییەکەى دەکەوێت و لە هۆش خۆى دەچێت و هیچ کەس ناناسێتەوە".

ئازاد بەهجەت براى ئەو گەنجە نەخۆشەیە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو قسەى کرد و گوتى: "بە شەو و رۆژ من، دایکم و باوکم و براکانى دیکەم وەکو پاسەوان و ئێشکگرێک لە چاودێرى تەندروستى براکەمانین، بۆ ئەوەى نەخۆشییە قورسەکەى تووشى هیچ کێشەى دیکەى نەخوازراومان نەکات".

ئەو برایەى مەحمود بەهجەت دەڵێت "نەخۆشییەکە هێندە نامۆیە پزیشکەکانیش سەریانسوڕماوە و لە کۆى ٥٠ پشکنین تا ئێستا ناوى نەخۆشییەکەشیان نەزانیوە، بۆیە داواکارم لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى تورکیا، چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکەى ئەم گەنجە بدۆزنەوە".

تاکە داواکارى ئەم خانەوادەیە لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، حکوومەتى عێراق و وڵاتانى دراوسێ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکەى ئەم گەنجەیە. هەرکاتێک ئەم گەنجە تووشى خوێن بەربوون دێت، ماڵەوە دەشڵەژێن و ئارامییان لێ دەبڕێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın