Haydar Karaalp
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2023
بەغدا – AA
خاتوو نور جەنابی ماوەی سێ ساڵە لە شوێنکارەکەی خۆیدا بە پیشەی دارتاشییەوە سەرقاڵە لە کاتێکدا لە عێراق زیاتر پیاوان ئەو پیشەیە دەکەن.
نور جەنابی کە لە ١٩٩٣ لە بەغدا لەدایک بووە و دایکی چوار منداڵە، رۆژانە زۆربەی کاتەکانی بە بەکارهێنانی موشار، بزمار و ئامێرەکانی دیکەی دارتاشی کە پێویستییان بە هێزی بازوویە لە شوێنکارەکەیدا بەسەر دەبات.
جەنابی کورسی، قەنەفە و کەلوپەل و پێداویستییە لە دار دروستکراوەکان نۆژەن دەکاتەوە، هەروەها تاقمی قەنەفەیش بۆ کڕیارە تایبەتەکانی دروست دەکات.
ئەم خانمە گەنجە عێراقییە کارەکانی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە و زیاتر لە ٩٠ هەزار فۆڵۆوەری هەیە.
چەند گەنجێک یارمەتی جەنابی دەدەن لە شوێنکارەکەیدا کە لە باشووری بەغدا کردوویەتییەوە.
- "گرنگی بە پیشەکانی وەک جوانکاری و میکیاج نادەم"
نور جەنابی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەو تاکە خانمێکە لە عێراق بەشێوەیەکی پیشەگەریی دارتاشی بکات، گوتی: "هەر لە منداڵییەوە حەزم لە دارتاشی بووە".
جەنابی بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە ئەو گرنگی بە پیشەکانی وەک جوانکاری و میکیاج نادات، گوتی: "لە منداڵییەوە فێری بزمار داکوتین و چۆنێتی بەکارهێنانی دەرنافیز بووم. هەمیشە گرنگیم بەو ئامێرانە داوە. لە ماڵەوە من کارەکانی وەک دروستکردنی مێزی تەلەڤیزیۆن و نۆژەنکردنەوەی تاقمی قەنەفەم ئەنجام دەدا".
نور جەنابی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەڕێی ئەو کارانەی لە ماڵەوە بۆ خێزان و خزمەکانی کردووە، ئەزموونی بەدەستهێناوە و گوتی: "کاتێک بینیم دەتوانم بەباشی ئەم کارە ئەنجام بدەم لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا، بڕیارم دا ببمە دارتاش".
ئەو خانمە عێراقییە باسی لەوەش کرد کە هەرچەندە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، بەڵام بەخۆشەویستییەوە کارەکەی ئەنجامداوە و گوتیشی: "ئافرەت ناتوانێت بەئاسانی ئەم کارانە بکات، بەڵام من دەیکەم. متمانەم بە بەهرە و کاری خۆم هەیە. کاتێک بڕیارم دا دەست بەم کارە بکەم دەمزانی هیچ کەموکوڕییەکم نییە. بە تێپەڕینی کات فێری ئەو لایانانەی کاری دارتاشی بووم کە نەمدەزانین. پەیوەندیم لەگەڵ کڕیارەکاندا کاریگەری ئەرێنی لەسەرم دروست کردووە".
- "زۆرینەی كڕیارەکانم ژنن"
خاتوو نور جەنابی ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمەڵگای عێراقی کۆمەڵگایەکی نێرسالارە، هەربۆیە لە سەرەتادا رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بووەتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی کات توانیویوەتی بەسەریاندا زاڵبێت، گوتیشی: "زۆرینەی کڕیارەکانم ژنن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەردانی پەڕەی تایبەتیم دەکەن و کاتێک دەبینن کارەکانم چەند بە باشی ئەنجام دەدەم، سەردانم دەکەن. هەندێک لە کڕیارە ژنەکان لەسەر سەرکەوتنم لە دروستکردنی ئەو کارەی داوای دەکەن، لەگەڵ هاوسەرەکانیان گرەو دەکەن".
ئەو خانمە عێراقییە، باسی لەوەش کرد کە پیشەی دارتاشی لە عێراق لەسەر هەمان رێچکەی ٣٠ ساڵ بەرلە ئێستا دەڕوات، بەڵام لەڕێی زیادکردنی هەندێک نوێکارییەوە توانیویەتی کارەکەی بەرەوپێش ببات.