Zana Natık Kerem
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە ئامادەن لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کاربکەن، بۆ ئەوەی داھاتوویەکی باشتر و خۆشتر بۆ گەلەکەیان بنیات بنێن.
مەسرور بارزانی دوای ئەوەی گەیشتە بەغدا لە تویتێکدا نووسیوویەتی "گەڕاینەوە بۆ بەغدا و ئامادەین لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کاربکەین، بۆ ئەوەی داھاتوویەکی باشتر و خۆشتر بۆ گەلەکەمان بنیات بنێین".
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا سەرەتا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی کۆبوویەوە و دواتر لەگەڵ سەرکۆمار عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، فائق زێدان کۆدەبێتەوە.
پێشتر نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە لە کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی و ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا، گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت و کارنامەی وەزاریی.
ھەروەھا راشیگەیاندبوو کە برەودان بە ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان ھەردوولا لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنیان تاوتوێ دەکرێت.