Rewa Mahmood Hasan
27 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2020
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی شاری سلێمانی گردبوونەیەکیان ئەنجامدا.
مامۆستایانی ناڕازی لە کاتژمێر ١٠:٠٠ لەبەردەم بینای پەروەردەی رۆژئاوا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا چەند داواکاریەکیان خستەڕوو.
بەشداربووان داوایان کرد کە پێش کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان دەبێت پرسی مووچە چارەسەر بکرێت و میکانیزمی دەستپێکردنەوەی خوێندنیان رەت کردەوە.
هێڤی عیزەت کە ٢٥ ساڵ مامۆستای قۆناغی ئامادەییە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئێمە چەندین جارە هاتووینەتە سەرشەقام، بەڵام وەڵامی داواکاریەکانمان نادرێتەوە، تەنها پرسی ئێمە مووچە نییە، بەڵکو تا ئێستا هەموو پلەبەرزکردنەوەیەکیان راگرتووە، ئێمە بەهەموو شێوەیەک میکانیزمی ئۆنلاین بۆ خوێندن رەت دەکەینەوە، لەنێو پۆلدا ئێمە ناتوانین خوێندکار کۆنترۆڵ بکەین، چۆن دەتوانین بەشێوەی ئۆنلاین کۆنترۆڵیان بکەین. ئەمە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی و هەوڵێکە بۆ نەدانی مووچە".
یەکێکی تر لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە مامۆستا قادر حەسەن، ئاماژەی بەوە کرد ئەو ٢٢ ساڵە مامۆستایە و تا ئێستا ٢٢ ملیۆن دیناری لەلای حکوومەتە، ئەو باسی لەوە کرد کە ئامانجی گردبوونەوەکە ئەوەیە بە حکوومەت بڵێن ئەوان رازی نین بە بڕینی بەشێک لە مووچەکانیان، هاوکات سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی خوێندن رەت دەکەنەوە لەکاتێکدا بە هۆکاری پەکخستنی مووچەی لەقەڵەمدا.