سياسەت, عێراق

بۆ پرساندنی حکوومەت یاداشتێک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید: "یاداشتەکەی ئێمە بەپێی ماددەی ٦٩ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و ھیوادارین سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ئەرکی خۆی ھەڵستێت".

Heman Hussein Yaseen  | 27.09.2020 - نوێکردنەوە : 27.09.2020
بۆ پرساندنی حکوومەت یاداشتێک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند کە یاداشتێکیان بۆ پرساندنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی گەیاندووەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەوەش دەخاتەڕوو کە داواکارییەکەی ئەوان جیاوازە لەو دانیشتنەی کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی داوای کردووە.

ھەریەک لە سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، عەبدولستار مەجید و سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، شێرکۆ جەودەت و پەرلەمانتاری سەربەخۆ، سیروان بابان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، تیشکیان خستە سەر یاداشتەکەیان و رایانگەیاند کە سەرەتا بە بیانووی ھەندێک پاساوی پەیڕەویی یاداشتەکەیان رەتکراوەتەوە و ئێستاش دوای تەواوبوونی رێژەی یاسایی واژووەکان، جارێکی دیکە یاداشتەکەیان رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، عەبدولستار مەجید گوتی: "لە ماوەی رابردوودا، بە واژووی ژمارەیەک پەرلەمانتار یاداشتێکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ پرساندنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی، بەڵام بە بیانووی ھەندێک پاساوی پەیڕەویی یاداشتەکەمان رەتکرایەوە و ئەمڕۆ جارێکی دیکە یاداشتەکەمان رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە".

عەبدولستار مەجید گوتیشی: "یاداشتەکەمان رێژەی یاسایی بەدەستھێناوە کە ٢٣ پەرلەمانتار واژوویان کردووە، ئەمڕۆ پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کرد، ھەموو ئەو بەڵگەنامە و داواکارییەکانمان بە یاداشتەکەوە هاوپێچ کردووە، پرساندنەکە سەبارەت بە لێبڕینی سەدا ٢١ی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بووە کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بەو رێژەیە مووچە لە مووچەخۆران بڕاوە، ئێمە پێمانوایە ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و لایەنەکانی دیکەیشی ناو پەرلەمان ھاوڕامان بوون".

عەبدولستار مەجید گوتیشی: "پێمان وایە ئێمە ئەرکی پەیڕەویی و یاسایی خۆمان جێبەجێ دەکەین و خەڵک چاوی لەوەیە ئێمە بەرگری لە مافەکانیان بکەین و بەدواداچوون بۆ داواکانیان بکەین چجای ئەوەی کە ئێمە ببینین کە لەسەدا ٢١ی مووچەکانییان لێ کەم دەکەنەوە".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، عەبدولستار مەجید لەبارەی ئەو فڕاکسیۆنانەی کە واژوویان لەسەر یاداشتەکە کردووە گوتی: "فڕاکسیۆنەکانی یەکگرتوو، ئازادی، نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ھەریەک لە مەم بورھان قانع، سیروان بابان و شیرین ئەمین، ھەروەھا لە فڕاکسیۆنی گۆڕان-یش ھەریەک لە عەلی حەمەساڵح، شایان عەسکەری و شیرین ئەمین واژوویان لەسەر یاداشتەکە کردووە".

شەوی رابردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان بدات، سەبارەت بەم پێشهاتە، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئەمشەو بیستمان کە سەرۆکی حکوومەت داوای دانیشتنی کردووە، ئەمە کارێکی باشە، بەڵام ئەوە جیاوازە لەگەڵ یاداشت و داواکەی ئێمە، چونکە لە داواکەی سەرۆکی حکوومەت لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی حکوومەت میوانداری دەکرێت روونکردنەوە دەدات، پەرلەمانتار ناتوانێت پرسیاری لێ بکات و داوای روونکردنەوەی لێ بکات".

عەبدولستار مەجید گوتیشی: "بەڵام یاداشتەکەی ئێمە بەپێی ماددەی ٦٩ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە کە پەرلەمانتار بۆی ھەیە داوای پرسیارکردن لە سەرۆکی حکوومەت بکات، ئەمە دوو بابەتی جیاوازە و ھیوادارین سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ئەرکی خۆی ھەڵستێت، بۆیە ئەوەی حکوومەت داوای کردووە جێگای داواکارییەکەی ئێمە ناگرێتەوە، پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانداوە و بۆی ھەیە بانگھێشتیان بکات و لێیان بپرسێتەوە".

ھەروەها سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، شێرکۆ جەودەت گوتی: "بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز لە بەرژەوەندی ھەمووانە، ئەوانەی ھەوڵی داخستنی ئۆپۆزسیۆن دەدەن، بە راستی ھەڵە بیر دەکەنەوە چونکە حوکمڕانی پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە ئەوەی کە کراوە ئێمە لە فڕاکسیۆنی یەکگرتوو، ئەوانی دیکەش لە فڕاکسیۆنەکانی دیکە، ئەوا کارێکی پەیڕەویی زۆر ئاسایی و سادەیە کە یەکێکە لە ئەرکەکانی پەرلەمان".

شێرکۆ جەودەت گوتیشی: "ئێمە شانازی دەکەین کە لە پێناو خەڵکدا ھەر قوربانییەک دەدەین و پشتیوانی خۆمان بۆ تەواوی مامۆستایان دەردەبڕین و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە ببین بەھۆی بەدەستھێنانی مافەکانی ئەوان و دەبێت پەرلەمان ئاگاداری ھەموو کێشە و گرفتەکان بێت".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن