Ozhin Jola
29 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2020
کەرکووک – AA
ئەمڕو بەبێ ئەنجامدانی ھیچ مەراسیمێک، دەوامی فەرمی قوتابخانەکانی کەرکووک دەستی پێکرد و بڕیاربوو بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە قوتابخانەی ئاڵا، زەنگی یەکەمی دەستپێکردنەوەی دەوام لێ بدرێت، بەڵام بەشێک لە مامۆستایان و بەرپرسانی پەروەردەی کەرکووک لەبەردەم قوتابخانەی ئاڵا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بایکۆتی دەوامیان راگەیاند.
یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکەی مامۆستایان بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی کەرکووک، پەروین فاتح بەئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "لە ئەنجامی خراپی دۆخی ژیانی مامۆستایان و دواکەوتنی مووچەکانیان، بەشێک لە مامۆستایان لەبەردەم قوتابخانەی ئاڵای شاری کەرکووک و لەدژی مەراسیمی زەنگی کردنەوەی قوتابخانەکان گردبوونەتەوە و ئێمەیش پاڵپشت و پشتیوانیان دەبین بۆ ئەوەی فشار و چالاکییەکانمان زیاتر بکەین و ھیچ نەبێت ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی باشتر بکرێت.
بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەوامی قوتابخانەکان لەھەفتەیەکدا چوار رۆژ دەبێت کە ئەوانیش رۆژەکانی یەکشەممە تا چوارشەممە دەبێت و رۆژانە حەوت وانە لە قوتابخانەکان دەوترێنەوە وماوەی ھەر وانەیەکیش ٢٠ خولەک دەبێت.
بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک خاوەنی سەد ھەزار خوێندکارە کە بەسەر ٥٢٠ قوتابخانەدا دابەشبوون و زیاتر لە ھەشت ھەزار مامۆستا و فەرمانبەری سەربە خوێندنی کوردی لە کەرکووک ھەیە.