Zana Natık Kerem
29 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزیری پەروەردەی عێراق، حەمید دلێمی رایگەیاند کە لە چوارچێوەی رێکارەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، رێوشوێنی باشیان بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن گرتووەتەبەر.
حەمید دلێمی بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق کۆتایی نەھاتووە و لەگەڵ ئەوەیشدا بە رێنمایی تەندروستیی و گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزیی، ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەستی پێکردووە.
وەزیری پەروەردەی عێراق، حەمید دلێمی راشیگەیاندووە "لە چوارچێوەی رێکارەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێوشوێنی باشمان بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن گرتووەتەبەر".
دوێنێ شەممە دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند.
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاندبوو کە لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا، بڕیاریدراوە بۆ دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ھەفتانە قوتابیانی ھەر قۆناغێک یەک رۆژ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەتدا دەوام بکەن.