ھەولێر
یەکەمین بارانی ئەمساڵ تەنگی بەو ئاوارە سورییانە ھەڵچنی کە لەنێو خێمەدا لەنزیکی شاری ھەولێر نیشتەجێکراون، خێزانی ئەلیاسیش یەکێ بوون لەو سەدان خێزانەی سەرماو تەڕوتوشی ژیانی لێ تاڵکردن.
ئەلیاس عەبدوڵڵا کوڕێکی تەمەنی ١٠ ساڵانەو دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجەی پەنکریاس ھاتووە. خێزانەکەی لەگەڵ دەیان ھەزار ئاوارەی دیکە پەڕیونەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لەکەمپی کاوە نیشتەجێکراون، بەڵام چیرۆکی ئەوان جیاوازە لەگەڵ ھاونیشتمانییە لێقەوماوەکانی دیکەیان.
لەیەکەم بارانبارینی ئەمساڵ، ژیانی ئاوارە خێمەنشینەکان چووە قۆناغێکی سەختەوە، ژن و منداڵەکان لەسەرە وەستاون بۆ بینینی پزیشک چونکە بەشی ھەرە زۆریان نەخۆشکەوتن، بەڵام نەخۆشیی ئەلیاس لە ھی ھەموویان جیاوازترە چونکە چارەسەکەی ئاسان نییەو لای ئەو دکتۆرانە نییە لەژێر خێمەکاندا بەکۆمەڵ نەخۆش دەبینن.
باوکی ئەلیاس خەمۆکی بەرووخسارییەوە تەواو دەبینرێ، دەستی لەسەر سەری ئەلیاس داناوەو بەھێمنی دەڵێ تاکە ئاواتی ئەوەیە لەم ئاوارەییەدا شوێنێکی خاوێن بۆ ئەلیاسی کوڕی دابین بکات " نەبادا مردن کوڕەکەم لێ بستێنێ لەم چەرمەسەرییەدا".
پزیشکەکان ئامۆژگاریی عەبدوڵڵایان کردووە دەبێ ئەلیاس پێنج ساڵ لەژێر چاودێریی دابێ. ئەو شوێنەشی لێی دەژی خاوێن بێ چونکە سەرماو گەرمای زۆر کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی دادەنێن، بەڵام لەو شوێنەی ئێستا ئەوانی لێن ھیچ خاوێن نییە بەھاوین گەرم و بەزستان سارد.
ئەو منداڵە دەبێ مانگانە تیشکی ستی سکانی بۆ بگیرێت و ئیکۆی سک و ھەروەھا پشکنینی خاوێنیی ئێسکیشی بۆ بکرێ، بەڵام بەھۆی ھەژاریی باوکی، پێناچێ نیوەی ئەو چارەسەرانەی بۆ بکرێ
عەبدوڵڵا باوکی ئەلیاس گوتی: "ماوەیەک لەمەوبەر نەشتەرگەریی داخورانی ئێسکی گوێمان بۆ ئەلیاس کرد، ئەویش کێشەی خوێن بەربوونی ھەیە. ئەوکاتەی لەسوریا بووین بە بەردەوامی سەردانی نەخۆشخانەمان دەکرد، بەڵام ئێستا بەھۆی بێکاریی نەدارییەوە ناتوانم وەکو پێویست چاودێریشی بکەم."
عەبدوڵڵا کە کارێکی جێگیری نییە و کرێکاری دەکا، بە شەرمیشەوە دەیگوت کوڕەکەی پێویستە رۆژانە ڤیتامین بخوا و میوەی لە بەردەستبێ، بەڵام وەکو خۆی گوتی: "پارەی پێویستم نییە و ناتوانم ئەو شتانەی بۆ دابین بکەم، لەترسی ئەوەی نەبادا لە قوتابخانە تووشی رووداوێک یان پاڵەپەستۆی قوتابییەکان بێ ناوێرم بنێَرمە قوتابخانە ھەروەھا کەشی قوتابخانەش ساردە و بۆ تەندروستی خراپە، بۆیە ناینێرمە قوتابخانە."
کەمپی کاوە یەکێکە لەو شەش کەمپەی پاش ھاتنی دەیان ھەزار ئاوارەی سوری بۆ ھەرێمی کوردستان، لە پارێزگای ھەولێر دروستکراون، کەمپەکە نزیکەی پێنج ھەزار کەسی تێدا دەژین، بێجگە لە ھەڵدانی خێوەت، کەمترین خزمەتگوزاریی تێدایە.
لەگەڵ یەکەم بارانی ئەمساڵ لە حەفتەی رابردوو ئەو ئاوارانە ھاواریان لێ ھەستا.
ئامینە عەبدولعەزیز بەدەم شوشتنی جلەوە لەگەڵ کچە ١٥ ساڵانەکەیدا دەیگوت: "سەرما و نەخۆشیی ژیانمانیان ناخۆش کردووە، نەخۆشی زۆر بڵاوبووەتەوە بەتایبەت بەھۆی سەرما و سۆڵە و نەبوونی ئاوی خاوێن، سکچوون ھەر زۆر زۆرە لەنێو منداڵانی ئەو کەمپە."
ئەو نەخۆشییانەی لە وەرزی زستاندا بەزۆری بڵاودەبنەوە بریتیین لە سکچوون، رشانەوە، ئەنفلەوەنزا، ھەوکردنی لەوزەتین و بۆرییەکانی ھەناسەدان. ھەموو ئەو نەخۆشییانەش لەنێو کەمپەکەدا ھەن بەپێی ئەو قسانەی دایکی چەند منداڵێکی کەمپەکە پێیان گوتین.
لەکەمپی کاوە مۆبایل کلینیکێک ھەیە لەلایەن پزیشکانی بێ سنوورەوە سەرپەرشتی دەکرێ، لەوێ دوو پزیشک حەفتەی دوو رۆژ نەخۆشەکان دەبینن و لەلایەن رێکخراوەکەوە چارەسەرییان بۆ دابین دەکرێ.
لەو کاتەی ئێمە لێی بووین ژنێکی دووگیان خرایە ئەمبوڵانسەوە تا رەوانە بکرێ بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر، لەو نەخۆشخانە بچووکەی لەوێ کراوەتەوە پزیشکی تایبەتمەند نییە، بۆیە ئەو نەخۆشییانەی کە قورسن رەوانەی ھەولێر دەکرێن.
بەشێک لەو نەخۆشخانەی ناتوانن لە کەمپەکە چارەسەری پێویست وەربگرن دەچنە نەخۆشخانەی ناحیەی قوشتەپە و لەوێ چارەسەر وەردەگرن.
د.دالفین بیۆلنا پزیشکی کەمپەکە بە پەیامنێری AA راگەیاند: رێکخراوی یونیسێف لە ئەمساڵدا منداڵانی کەمپەکەی لەدژی ئیفلیجی کوتاوە ھەروەھا رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور دەرمانی پێویستییان بۆ دابین کردوون.
سەرپەرشتیاری کارگێڕیی قوتابخانەی قامیشلۆ دەڵێ لە ١٠/٩ وە دەوامی دەستی پێکردووە و کێشەی بارانبارین لەو رۆژەوە بەبرپرسانی پەروەردەی گەیاندووە.
لەنێو قوتابیانی قوتابخانەکە زۆر بەکەمی دەبینرا قوتابییەک جلوبەرگی زستانەی لە بەردابێ، مامۆستایەکیش گوتی ئەوان ھەژارن و ناتوانن جلی زستانە بکڕن.
دیلمان بەنگین حەمۆ خوێندکاری پۆلی نۆیەمی قوتابخانەی کەمپەکەیە، ئەو تەیھا پانتۆڵ و کراسێکی لەبەردا بوو، گوتی: "ساردی زستان ھات ئێمە پێڵاو و قەمسەڵە و جلوبەرگی زستانەمان نییە و بۆشیان دابین نەکردووین."
لەناو ھەموو ئەو نەھامەتیانەدا خێزانی ئەلیاس زیاتر گیرۆدەی کەمی خزمەتگوزاریی تەندروستین. ئەوان ناتوانن کوڕەکەیان بەباشی بخەنە ژێر چاودێریی تەندروستی. باوکی ئەلیاس: "بەھۆی کەش و ھەوای پیس و قوڕاویی، ناتوانم وەکو پێویست ئەلیاس تیمار بکەین، ئەگەر برینەکانیشی پاک بکەمەوە و چارەسەریشی بۆ پەیدا بکەم، ژیانی کەمپەکە ئەوەندە زەحمەت و پڕنەخۆشییە ئەوەندە پیسە کە ئەو خاوێنکردنەوەیە دادی نادا."