aad HawramyS
20 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2016
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆ نەخۆشیەكانی خوێن و شێرپەنجە دكتۆر سامی ئەحمەد، دەڵێت: "ساڵانە لە تەواوی جیهان ١٤ ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و لەو رێژەیەش زیاتر لە نیوەیان گیان لە دەست دەدەن".
سامی ئەحمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی : "لە ساڵی رابردوودا لە هەردوو نەخۆشخانەی نانەكەلی و بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی رزگاری، ناوی هەزار و ٦٢٥ كەس تۆماركراوە كە تووشی ئەو نەخۆشیە بوون. كۆی ئەو نەخۆشانەش كە تاوەكو ئێستا پەڕاویان بۆ كراوەتەوە ١٨ هەزار كەس دەبن كە ژمارەیەكیان گیانیان لە دەست داوە ئەوانی دیكەش ماون و چارەسەر وەردەگرن".
دكتۆر سامی ئاماژەشی بەوەدا كە ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی ئەو نەخۆشیە بوون و ناویان تۆماركراوە ٤٠ لەسەدایان خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن. واتە عەرەبی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و كوردی رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو كرێكارە بیانیانەی كە هاتوون لە هەرێمی كوردستان كار بكەن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی گوتیشی: "رۆژانە نزیكەی ٢٥٠ كەس سەردانی نەخۆشخانەی نانەكەلی دەكەن كە نزیكەی ١٠٠ كەسیان بۆ وەرگرتنی دەرمان سەردان دەكەن".
دكتۆر سامی هەروەها گوتیشی: "بڕی تێچووی ساڵانەی پشكینینەكان و ئەو دەرمانانەی كە دەدرێن نزیكەی ٤٠ تا ٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە خەرج دەكرێت و بڕێكی كەمیشی لەلایەن كۆمەڵە خێرخوازییەكان و بڕێكیش لەلایەن بەغداوە كە نزیكەی ٣٠ لەسەدا دەبێت دابین دەكرێت".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی ئاماژەی بەوەشدا كە لە هەموو جیهاندا ژمارەیەك لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە شێرپەنجە لەلایەن خەڵكی و خێرخوازانەوە دروست دەكرێن و لە شاری هەولێریش لەلایەن ماڵی ئەحمەد ئیسماعیلەوە نەخۆشخانەیەكی نوێ دروست دەكرێت كە سێ نهۆمە و لە قۆناغی تەواوبووندایە و حكوومەتی هەرێمیش ئامێرەكانی ناوی دابین دەكات.
سامی دەڵێت: "لە نەخۆشخانەكەی ئێمە ئەو كەسانەی لە قۆناغی یەكەم و دووەم و سێیەم چارەسەری وەردەگرن، بەڵام قۆناغی چوارەم كە لە هەموو لاشەی ئەو كەسە بڵاو دەبێتەوە پێویستیمان بە هەندێك چارەسەرە كە لای ئێمە نییە و دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات كە ئەوەیش لەسەر خەرجی سندوقی كۆمەكی شێرپەنجە دەبێت وەكو چاندنی مێشك كە تاوەكو ئێستا لە نەخۆشخانەی نانەكەلییەوە ٣٠ كەسمان ناردووەتە هیندستان بۆ ئەوەی لەوێ چارەسەر وەربگرن".
هەروەها سەبارەت بە هۆكارەكانی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە دكتۆر سامی دەڵێت: "هۆكارێكی سەرەكی نییە بۆ ئەوەی بڵێت كە ئەوە دەبێتە هۆی تووشبوون بەو نەخۆشیە، بەڵام یەكێك لەو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆی تووشبوون بۆ ماوەییە و یەكێكی دیكەیش لەو هۆكارانە خواردنی گۆشتە بەتایبەت گۆشتی سوور كە رۆژانە چەند جارێك بخورێت و لە بەرانبەریشدا نەخواردنی سەوزە و میوەیە كە كاریگەری لەسەر تووشبوون بەو نەخۆشیە هەیە".
سەبارەت بە زیادبوونی رێژەی تووشبوونی شێرپەنجەی مەمك لەلای ئافرەتان دكتۆر ئاماژە بەوەی دا :"رێژەی ئەو جۆرە شێرپەنجەیە لە هەموو وڵاتانی جیهان لە سەرەوەیە و لە هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ رێژەی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زۆر زۆر بوو كە رێژەی ٤٠ لەسەدی نەخۆشەكانی تووشبووی پێكهێناوە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی گوتیشی: "پێشتر داوامان لە ئافرەتان دەكرد كە ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی ٤٠ ساڵەوەن پشكنین بكەن. بەڵام ئێستا داوا دەكەین كە ئەو ئافرەتانەی لەسەرەوی تەمەنی ٢٥ ساڵیەوەن مانگانە خۆیان لە ماڵەوە پشكنین بۆ خۆیان بكەن یان ٦ مانگ جارێك سەردانی دكتۆر بكەن بۆ ئەوەی ئەو پشكنینەیان بۆ بكەن".
بەگوتەی دكتۆر سامی ئەگەر نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك لە قۆناغە سەرەتاییەكانیەوە پێی بزانرێت ئەوە چارەسەركردنی زۆر ئاسان دەبێت، بەڵام كە نەخۆشیەكە بڵاوبوویەوە ئەوە چارەسەركردنەكەی قورس دەبێت.