ئورفا
یونس ئایگۆن، باوکی سترانبێژ شڤان پەروەر کە ئێستا تەمەنی ٩٠ ساڵە کاتێ بیستی کوڕەکەی دەچێتە دیاربەکر و ئامادەی یەکتر بینینی ئەردۆغان و بارزانی دەبێ لەو شارە، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی: "کوڕەکەم بۆم بێنن دەمەوێ بیبینم زۆر بیری دەکەم چونکە ئیتر من پیر بووم."
شڤان و باوکی دوایینجار کە یەکتریان بینی ساڵی ١٩٩٦ بوو لەھەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرایکرد ھەردوو ھونەرمەند شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتیلساس لە گەل سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانی دیاربەکر دەکەن.
دوای ئەو قسەیەی ئەردۆغان، باوکی شڤان پەروەرکە دانیشتوانی گوندی سۆرە لەپارێزگای ئورفا، دڵخۆشیی خۆی بەھەواڵەکە دەربڕی.
ھەروەھا یونس ئایگۆن، باوکی شڤان پەروەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھیوادارم ئاشتی بەتەواوی باڵ بکێشێ بەسەر تورکیاداو و ئیتر ھیچ دایکێک فرمێسک لە چاوی نەڕژێ بۆ لەدەستدانی رۆڵەکانیان. من بە کوردی قسە دەکەم بەڵام لە ژێر ئاڵای تورکیا دەژیم."
ھەر دوای بڵاوکردنەوەی ھەواڵی سەردانی شڤان پەروەر بۆ دیاربەکر،باوژنی شڤان پەروەر خەدیجە ئایگۆن بەحەسرەتەوە گوتی: "زۆر بیری شڤان دەکەم. چاوەڕێی ئەو رۆژەم کە شڤان ببینمەوە."