هاکان فیدان: "ئیسرائیل کە نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوری خۆی ببینێت، ئامانجی ئەوەیە سووریا دابەش بکات"
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان: "ئیسرائیل کە نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوری خۆی ببینێت، ئامانجی ئەوەیە سووریا دابەش بکات".

Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان بە ئاماژەدان بە شەڕ و پێکدادانەکانی سوەیدا ڕایگەیاند: "ئیسرائیل کە نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوری خۆی ببینێت، ئامانجی ئەوەیە سووریا دابەش بکات".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێلسلڤادۆر، ئەلێکساندرا ھیل لە بینای وەزارەت، وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشی ئەنجام دا.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە ناسەقامگیریی لە سووریا دروست بکات و ڕایگەیاند: "ماوەی هەفتەیەکە هەموو بەیەکەوە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین. هەر لە سەرەتاوە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو پێشهاتانەین کە لە باشووری وڵاتەکە ڕوو دەدەن. ڕووداوەکان بە دەستێوەردانی ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی دروزیەکان ڕەهەندێکی دیکەی وەرگرت. ماوەی حەوت مانگە دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بە مەبەستی پشتیوانی کردنی گەلی سووریا هەڵوێستێکی بنیاتنەریان نیشانداوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئاماژەی بەوە کرد تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و کاراکتەرە هەرێمییەکان هەوڵ دەدەن سووریا نەبێتە شوێنێک میوانداری تیرۆر بکات و نەبێتە سەرچاوەی کۆچی نایاسایی و، گوتی: "بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت هەموو ئەو هەوڵانە تێکبدات کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی ئاشتیی و سەقامگیریی و ئاسایشە لە سووریا. ڕاستییەک هەیە کە پێویستە بە ڕوونی و ئاشکرایی دەرببڕدرێت. ئیسرائیل کە نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوری خۆی ببینێت، ئامانجی ئەوەیە سووریا دابەش بکات".
هەروەها فیدان ئەوەی وەبیرهێنایەوە تورکیا ساڵانێکی زۆرە بەوپەڕی توانایەوە تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە هەموو شەڕ و پێکدادان و جەنگەکانی ناوچەکە بێت و، سەقامگیریی بەرقەرار بێت، بۆ ئەوەیش هەوڵی دیپلۆماسیی خستووەتەگەڕ.
گوتیشی: "ئیسرائیل سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە هەوڵ دەدات بەردەوام ناوچەکەی خۆی لاواز بکات و لە پشێویدا بیهێڵێتەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، بانگەوازێکی ئاڕاستەی گرووپەکانی سووریا کرد و، ڕایگەیاند: "ئەگەر بەرەو دابەشبوون و ناسەقامگیریی بچن، ئەمە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمانی دەبینین و دەستوەردان دەکەین".