نێچیرڤان بارزانی: "دەبێ خوێندنی باڵا لەگەڵ پێداویستییەکانمان و بازاڕی کار بگونجێنین"
- سهرۆکی ههرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "پەروەردە و خوێندنی باڵا، کلیلی هەموو سەرکەوتن و پێشکەوتنێکن له ههر وڵاتێک، دەبێ خوێندنی باڵا لەگەڵ پێداویستییەکانمان و لەگەڵ بازاڕی کار بگونجێنین".
Arbil
هەولێر - AA
به ئامادهبوونی سهرۆکی ههرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، مامۆستا و قوتابی و کهسوکاری قوتابیان، له شاری ههولێر رێوڕهسمی دیداری دهرچووانی زانکۆی کوردستان ـ ههولێر بهڕێوهچوو.له ڕێوڕهسمهکهدا سهرۆکی ههرێمی کوردستان وتهیهکی پێشکهش کرد، ئهمه دهقی وتهکهیهتی:
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێوارەتان باش..
خۆشحاڵم کە ئەم ئێوارەیە لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا، بەشداریی ئەم ڕێوڕەسمە دەکەم. هەموو لایەکتان بەخێربێن. بەخێرهاتنێکی تایبەتی ئەوانە دەکەم کە ڕێگەیەکی دووریان بڕیوە و بەتایبەتی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە، به خێر بێن.
ئەوەی زۆر مایەی خۆشحاڵییە، ئەوەیە کە ئەمڕۆ بەرهەمی (13) ساڵی پرۆسەی زانستیی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر لێرە دەبینین. کە پرسیارم کرد بۆچی ئەم ڕێوڕەسمە خراوەتە ڕۆژی هەینی، کە ڕۆژی پشووە؟!
بە وەڵامەکە زۆر خۆشحاڵ بووم کە گوتیان: ڕۆژانی دەوام هەندێک لە ئێوەی بەڕێز لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناکرێت شوێنی کارەکەتان جێ بهێڵن، بۆ ئەوەی ئیشی کارگەیەک، کۆمپانیایەک، یان ئۆفیسێکی بەڕێوەبردن لەو شوینهی که کاری لێ دهکهن، نەوەستێت!
کەواتە ئێوەی بەڕێز، ئەم گەنجە سەرکەوتووانە، بە تەواوی بەرهەمی بەدیهاتووی ئەو روانگەیەن کە زانکۆی کوردستان ـ هەولێری لەسەر دامەزراوە، ئەویش پێگەیاندنی کادیری کلیلی و لێهاتوو و بەتوانایە بۆ بازاڕی کار، بۆ داهێنان و بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی وڵات بە باشترین شێوە.
مایەی شانازییە بەپێی ئامارەکان که ئهمڕۆ پیشان دران، لە سەدا نەوەد و نۆی ئێوەی دەچووانی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر لە بواری زۆر گرنگی وەک کەرتەکانی: وزە، نەوت و گاز، دیپلۆماسی، پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن، لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتیدا کارتان دەستکەوتووە، یان خۆتان کاری خۆتان بنیات ناوە و هەر خۆشتان بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەی دەبەن و دەرفەتی کارتان بۆ خەڵکی دیکە و بۆ هەندێ لە هاوپۆل و هاوکارەکانیشتان دابین کردووە.
بە ڕاستی بەڕێوەبەرانی ئەو زانکۆیە شایانی دەستخۆشییەکی زۆرن، چونکە زانکۆی کوردستان ـ هەولێر هەرگیز نەیویستووە تەنیا هەڵگرانی بڕوانامە دەربچوێنێت کە نەتوانن کار بدۆزنەوە، یان تەنیا چاویان لەوە بێت حکوومەت کاریان پێبدات و وەک فەرمانبەر دابمەزرێن! بەڵکوو هەمیشە ئامانجی ئەوە بووە، گەنجی زیرەک و بەتوانا و شارەزای کار ئامادە بکات. بە خۆشحاڵییەوە ئەوەی ئێستا دەیبینین، بەدیهاتنی ئەو ئامانجەیە، هیوادارم هەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت.
زانکۆ دەبێ قوتابییەک دەربچوێنیت کە بازاڕ و کار، چاوەڕێی بن و پێویستییان پێ بێت، نەک خۆی بۆ کار بگەڕێت و نەیدۆزێتەوە. وەک پێشتریش گوتوومانە: پەروەردە و خوێندنی باڵا، کلیلی هەموو سەرکەوتن و پێشکەوتنێکن له ههر وڵاتێک، دەبێ خوێندنی باڵا لەگەڵ پێداویستییەکانمان و لەگەڵ بازاڕی کار بگونجێنین.
بەڕێزان..
هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەین کە دەبینین زانکۆی کوردستان لە ماوەی (13) ساڵی ڕابردوودا دەستەبژێرێکی گەنجی لە کوردستان دروست کردووە کە ئەمڕۆ کاریگەرییەکی بەرچاویان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە. مایەی شانازییە کە دەرچووانی ئەو زانکۆیە دەبینین گەنجانی شارەزای کارن، زمانزانن، هزرکراوەن، داهێنەر و له سهرووی ههمووشیانهوه نیشتیمانپەروەرن دهیانهوێ خزمهتی وڵاتهکهیان بکهن.
هەر لێرەدا دەمەوێ دەستخۆشی لەو دەرچووانەی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر بکەم کە دوای دەرچوونیان لە زانکۆ، هێشتا لە خوێندنی باڵا بەردەوامن و لە باشترین زانکۆکانی جیهان لەو بوارانەدا دەخوێنن کە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر پێویستن. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. پێیان دەڵێین: کوردستان چاوەڕێی سەرکەوتنی گەورەتری ئێوە و گەڕانەوەتانە. چاوی لە شارەزایی و پسپۆڕیتانە بۆ خزمەت و بەشداریکردن لە پێشخستنی زیاتری وڵات و کۆمەڵگەکهمان.
هەموو ئامارەکان و چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو زانکۆیە، ئەوەمان پێدەڵێن کە دەبێ زانکۆی کوردستان ـ هەولێر وەک پێویستییەک بۆ پێگەیاندنی کەسانی بەتوانا و پێشەنگ لە زۆر بواری کار و بەڕێوەبردندا، بەردەوام بێت و زیاتر پێشبکەوێت. باوەڕم بە سەرۆکایەتی و مامۆستایان و قوتابیانی ئەو زانکۆیە هەیە کە دەتوانن زانکۆکەیان زیاتر پێشبخەن، ئێمەش بە هەموو توانایەکمانەوە هاوکار دەبین بۆ زانکۆی کوردستان ـ هەولێر و هەموو زانکۆکانی کوردستان.
سوپاسی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر دەکەم کە دەرفەتی خوێندنی بە قوتابیان و خوێندکارانی هەموو ناوچە و بەشەکانی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان داوە و لە (13) ساڵی تەمەنیدا زیاتر لە (1200) خوێندکاری لە چەندین بەشی جیای بوارەکانی ئەندازیاری، زانستی کۆمەڵایەتی، دەرمانسازی، کار و بەڕێوەبردنی کاردا پێگهیاندووه و لەم زانکۆیە دەرچوون و کاری باشیان دەستکەوتووە. دەرچووانی زانکۆی کوردستان، سەرکەوتووانە جێپەنجەیان بە شوێنی کارەکانیانەوە دیارە. سوپاس کە هاوکاریی منداڵی شەهیدان و قوتابیانی زیرەکی کەمدەرات کراوە بۆ ئەوەی دەرفەتیان هەبێت لەم زانکۆیە بخوێنن.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
کۆکردنەوەی زۆربەی زۆری دەرچووانی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر کە ئەمە بۆ جاری یەکەمە دەکرێت، بیرۆکە و کارێکی نموونەییی تا بڵێی باشە. دەستخۆشی لەو بیرۆکەیە و لە ڕێکخەرانی ئهم ڕێوڕهسمه دەکەم. دەبێ ئەو کۆبوونەوەیە بکرێتە دەرفەتێک بۆ دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی نێوان دەرچووانی ئەو زانکۆیە لەگەڵ یەکتر و بەهێزکردنەوەی پەیوەندیی دەرچووانیش لەگەڵ زانکۆی کوردستان ـ هەولێردا.
مرۆڤایەتی بە کاری هاوبەش و تێکەڵاوی، گەشەی کردووە، ئێوەش دەتوانن وەک زانکۆی کوردستان ـ هەولێر کۆمەڵێکى زانستی و پێشکەوتوو لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە بەردەوامەی نێوانتانەوە دروست بکەن.
ئەم کۆبوونەوەیە گرنگە بۆ پێزانین و ڕێزگرتنی دوولایەنەی دەرچووان بۆ زانکۆ و زانکۆ بۆ دەرچووان. ساتێکە بۆ پێزانین. بۆ ڕێزگرتن و پێزانینی ئەوەی کە زانکۆ بە دەرچووانی بەخشیوە و دەرچووانیش بە کۆمەڵگە و وڵاتیان بەخشیوە. بێگومان کار و کاریگەریی دەرچووانی زانکۆ لە شوێنی کار و کۆمەڵگەدا، مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆ زانکۆی کوردستان ـ هەولێر.
بەڕێزان..
ئێوە کە لەم زانکۆیە دەرچوون و ئەمڕۆ بوونەتە بڕبڕەی پشتی ئەو دامەزراوانەی کاریان تێدا دەکەن، کەسی لێهاتووی تایبەتن. سەرکەوتنی ئێوە لە خوێندن و لە کاردا، ئیلهامبەخش و هاندەری نەوەی دوای خۆتانە بۆ خۆماندووکردن و شەونخوونی لەپێناو سەرکەوتنی گەورەتردا. پیرۆزبایی و دەستخۆشیتان لێ دەکەم، هیوادارم نموونەتان هەر زۆر بێت له وڵاتهکهمان.
بە ڕاستی خۆشحاڵم کە لێرە پێشەنگ و سەرمەشقی نەوەیەکی ژیر و زیرەک و لێهاتووی کوردستان دەبینم. هەبوونی ئێوەی خۆشەویست و ئەو پێگە و پۆست و کارەی پێی گەیشتوون، ئەو ئەرک و خزمەتەی هەر یەکێکتان لە بوارێکدا دەیکات، بەڵگەیەکی دیاری ڕاستی و دروستی و سەرکەوتنی ئەو ڕوانگەیەیە کە زانکۆی کوردستان ـ هەولێری لەسەر دامەزراوە و بوونەتە مایەی شانازیی ئهمڕۆ.
دڵنیام ئێوە و گەنجانی پێگەیشتووی وەک ئێوە دەبنە داینەمۆی سەرکەوتن و پێشکەوتنی زۆر گەورە بۆ گەلی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا. ئێوە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن لە وڵاتەکەماندا بێگومان پێشدەخەن، لەبەر ئەوەش دڵنیام لهوهی که ئێوە مایەی شانازین بۆ خۆتان و بۆ وڵاتهکهتان و بۆ خانەوادەکانتان.
دووبارە بەخێرهاتنی هەموو لایهکتان دەکەم. سوپاس و دەستخۆشی و پێزانین بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر و هەموو ئەو مامۆستا و ستافە بەڕێزانەی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا لە زانکۆ کار و خزمەتیان کردووە که ههندێکیان لێره دانیشتوون، یان ئێستا لە شوێنی دیکە خزمەت دەکەن و نەوەیەکی ژیر و لێهاتووی وەک ئێوە پێدهگهیهنن.
هیوای سەرکەوتن و ئێوارەیەکی خۆش بۆ هەمووتان دەخوازم. جارێکی دیکه دهمهوێ بڵێم که زۆر خۆشحاڵ بووم بهشداریم لهم ڕێوڕهسمهدا کرد. دوای سێزده ساڵ ئهوهی که بیرم هاتهوه، ڕێک ئێمه زانکۆی کوردستانمان بۆ ئهوه دامهزراندبوو ئهوانهی لهم زانکۆیه دهردهچن بتوانن خزمهتی وڵات بکهن و ئهم وڵاته پێش بخهن.
خۆشحاڵم که ئهمڕۆ دهبینم دوای سێزده ساڵ گهنجانی لێهاتوو پێگهیشتوون و دڵنیا بن داهاتوو بۆ ئێوهیه و سهرۆکایهتی و پێشهنگی بۆ بهرهوپێشبردنی ئهم وڵاته له ئهستۆی ئێوهدایه، ئهمه ئهرکی ئێوه قورس دهکات و ئاسان نییه، ئهرکی سهرشانتان زۆر زیاتر قورس دهکات، ئێوه سهرکردهى داهاتووی ئهم وڵاتهن، کوردستان پێویستی به ئێوه ههیه، دهبێت لهوه تێبگهن. ئێمه مللهتێکین تهنها دهتوانین به فێربوون، به زانست و بهوهی که خۆمان ماندوو بکهین، دهتوانین پێشبکهوین، شوێنی جوگرافیای ئێمه وایه، وڵاتی ئێمه وایه، ئێمه دهتوانین به زانکۆ، به فێربوون، به زانست خۆمان بۆ ئایندهیهکی گهشتر به دڵنیاییهوه بۆ وڵاتهکهمان و گهلهکهمان ئاماده بکهین و ئێوهش پێشهنگ و سهرکردهى ئهم وڵاته دهبن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن