hemn husain
19 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2016
بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا رێوڕەسمێک بۆ خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان ساز کرا.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ نەوەیەکی نوێ بەڕێوەیە کە هەست بەوە دەکات ئازاری میللەتەکەی چییە و هەوڵ دەدات لە رێگای زانست بۆ وڵاتەکەی تێبکۆشێت.
لەو رێوڕەسمەدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ نەوەیەکی وا بەڕێوەیە کە دەزانێت ئازاری گەلەکەی چییە و هەوڵ دەدات بە زانست بۆ وڵاتەکەی تێبکۆشێت و بێگومان ئەوەش کەمتر نییە لەو تێکۆشانەی پێشمەرگە کە بە درێژایی هەزار و 100 کیلۆمەتر سنوور دەپارێزێت".
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی قوتابییە سەرکەوتووەکان کرد و هاوکات دەستخۆشی لە مامۆستایان کرد و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کاتێک ئەم سەرکەوتووە خۆشەویستانە بە کوردی و ئینگلیزی قسەیان دەکرد، دڵخۆش بووم، ئەوان زۆر بە دیققەتەوە باسی خۆشەویستیی وڵات و پێشمەرگەیان دەکرد، ئەو پێشمەرگانەی کە بە خوێنی خۆیان سنوورەکانی کوردستان دەپارێزن، دەزگا ئەمنییەکانیش ھەروا، کە ئامانجی ئەوان سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە و سەری رێزی نەوازشیان بۆ دادەنوێنین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەگەر بمانەوێت کوردستان پێشکەوێت و بگەینە رێزی وڵاتانی دنیا، کلیلەکەی دروستکردنی باڵەخانە و ھۆڵێک نییە، بەڵکو پێشخستنی بواری پەرەوەردەیە، کە سیستمێکی باشمان ھەبێت و پاشەڕۆژی وڵاتەکەشمان گەشاوە دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان قوتابی و گەنجی ئاوای هەبێت بەدڵنیاییەوە ئەم وڵاتە پێش دەکەوێت و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە قوتابی و گەنج و لاوی ئاوامان ھەبێت، بەدڵنیاییەوە وڵاتەکەمان پێش دەکەوێت و زۆر پێیان دڵخۆشم، ئەوانە کە دەرفەتیان ھەبێت دەتوانن کاری گەورە لەم وڵاتەدا بکەن، بەو ھیوایەی بتوانین بەیەکەوە وڵات پێش بخەین و بیگەیەنینە کەناری ئارامی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی مامۆستایانی کرد و گوتی: "حەز دەکەم لە دوو شت سوپاسی مامۆستایان بکەم، یەکەمیان ئەوەیە کە زۆر بە خەمخۆری هەوڵی ئەوەیان داوە کە ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبهێنن و دووەمیان بۆ ئەوە سوپاسیان دەکەم کە خۆڕاگربوون بەرامبەر قەیرانی دارایی و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن لەم وڵاتە پەکی بکەوێت و دەستخۆشیان لێدەکەم".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "سەبارەت بە مووچەی مامۆستایانیش دەمەوێت ئەوە بەبیر مامۆستایان بهێنمەوە کە کاتی خۆی بەڵێنمان پێیاندا و لەبیرمان نەچووە و دڵنیابن فەرامۆش نەکراون و هەندێک باری داراییمان باش بێت ئەوە لە کاتی خۆیدا ئەوەی پێویستە جێبەجێی دەکەین".
ژمارەی قوتابییە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان بریتی بوون لە 73 قوتابی و رێژەی دەرچوونی گشتیی بەشی زانستیی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، سەدا 22.17 بووە و سێ قوتابی بە کۆنمرەی 698 یەکەم بوون و بەڵام ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو ھیچ قوتابییەک لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستانی نەیتوانی کۆ نمرەی سەد بە دەست بھێنێت. جێی ئاماژەیە ئەمساڵ 263 ھەزار و 954 قوتابی لە پۆلەکانی نۆی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی و پیشەییەکان تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا و لەو ژمارەیەش 73 قوتابی بوونە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆش لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، خەڵاتی رێزلێنانییان پێبەخشرا.