Emrah Oktay
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
ئیستانبوڵ - AA
ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا لە میانی یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەر لە یاریگای ئاتاتورک لە ئیستانبول لەگەڵ ھەڵبژاردەی لیتوانیا-ی میوانی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بۆ ھەرلایەک یەکسانبوو.
ھەڵبژاردەی تورکیا لە سێیەم یاریدا لە میانی یارییەکانی گرووپی حەوتەم لە ئیستانبوڵ میواندارێتی لیتوانیای کرد.
ھەڵبژاردەی تورکیا بە پشتبەستن بە دوو بردنەوەی لەسەر یەک و ھەڵبژاردەی لیتوانیا بەھیوای بەدەستھێنانی یەکەم بردنەوەیان ھاتنە ناو یاریگاکەوە.
لە دوای دوو خولەک لێدانی فیکەی دەستپێکردنی یارییەکە لەلایەن ناوبژیوانی پۆڵەندی، دانیێل ستفانێسکی، کەنان کامەران گۆڵی یەکەمی بۆ ھەڵبژاردەی تورکیا تۆمارکرد.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، یاریزانانی تورکیا ئاستێکی بەھێزیان نیشاندا و ئەوە بوو لە خولەکی ٣٣دا، ھاکان چالھانئۆغڵو گۆڵی دووەمی بۆ سپی و سوورەکان تۆمارکرد. لیتوانییەکان کۆڵیان نەدا و لە خولەکی ٣٥دا، ساڤالینکس گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و جیاوازی بۆ گۆڵێک گەڕاندەوە.
لە نیوەی دووەمدا، ھەرچەندە لیتوانییەکان لە سەرەتادا بەھێزتر دەرکەوتن بەڵام ھەژمارکردنی پەناڵتییەک لە خولەکی ٥٢ بۆ مەرت مولدور و ھەژاندنی تۆر لەلایەن بوراک یڵمازەوە جیاوازییەکەی دووبارە بۆ دوو گۆڵ بەرزکردەوە.
لەو ماوەیەی کە مایەوە لە یارییەکە، ئاستی تورکەکان پاشەکشێی کرد و دەرفەتی زۆریان لەدەستدا لە بەرامبەردا، لیتوانییەکان بە ئاگا ھاتنەوە و لە خولەکەکانی ٥٨ و ٧٩ لە رێگەی ئوڵدریکس و داڤیسەوە توانییان دوو گۆڵی تر تۆماربکەن و بۆردی ئەنجامەکە یەکسان بکەن.
دوا خولەکەکانی یارییەکە چەند ھێرشێکی ھەڵبژاردەی تورکیای بەخۆوە بینی، بەڵام بێ سوود بوون و لە بەرامبەردا، لیتوانییەکان چەند دژی ھێرشێکیان بردە سەر گۆڵی تورکیا، بەڵام ھەموو ھەوڵەکان بێ ئەنجام مایەوە و خاڵی یارییەکەیان دابەش کرد.
ھەڵبژاردەی تورکیا ھێشتا بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ و تۆمارکردنی ١٠ گۆڵ لە لووتکەی گرووپی پێنجەمدایە.