لە ناوەندی ئەرجییەس ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەستپێکردنی خلیسکێنەی سەربەفر
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پشکی ھاوبەشی ئەرجییەس، زافەر ئاکشەھیرلیئۆغڵو: "پلانمان ھەیە لە وەرزی دەست پێکردنی خلیسکێنەی سەربەفر لە ناوەندی ئەرجییەس، میوانداری دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس بکەین".

Kayseri
قەیسەری – AA
لە ناوەندی ئەرجییەس لە پارێزگای قەیسەری ناوەڕاستی تورکیا، ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەست پێکردنی وەرزی خلیسکێنەی سەربەفر.
لەو چوارچێوەیەدا، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێ لە ناوەندەکە بەردەوامن کە ١١٢ کیلۆمەتر ڕێڕەوی خلیسکێنەی سەر بەفر لەخۆدەگرێت.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پشکی ھاوبەشی ئەرجییەس، زافەر ئاکشەھیرلیئۆغڵو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە ماوەی چەند مانگێکە لە ناوەندی ئەرجییەس ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازی کردن لە ئارەزوومەندانی خلیسکێنەی سەربەفر دەستی پێکردووە کە تا ئێستا بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەیشدا کە لەگەڵ بارینی یەکەم بەفری ئەم وەرزە لە بەرزایییەکانی چیای ئەرجییەس، ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستپێکردنی خلیسکێنەی سەربەفر چڕکردووەتەوە.
باسی لەوەیش کرد کە لە مانگی کانوونی یەکەمی داھاتوودا، ناوەندی خلیسکێنەی سەربەفری ئەرجییەس بەڕووی سەردانیکەراندا دەکرێتەوە.
گوتیشی: "پلانمان ھەیە کە لە وەرزی دەستپێکردنی خلیسکێنەی سەربەفر لە ناوەندی ئەرجییەس، میوانداری دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس بکەین".
ناوەندی خلیسکێنەی سەربەفری ئەرجییەس، خاوەنی بڕوانامەی (Safe Ski Resort)ە کە لە دەزگای پیرۆ و کۆمپانیای ڕێتاسی نێودەڵەتی تایبەت بە تاقیکردنەوە، چاودێری و بڕوانامەدان، بەدەستی ھێناوە.
لە ناوەندی ئەرجییەس لە وەرزی زستاندا، جگە لە ئەنجامدانی یاری خلیسکێنەی سەر بەفر، ھەروەھا چەندین چالاکی وەرزشی زستانە ئەنجام دەدرێت.