Muhammet Ali Kemal
07 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
لە یاری یەکەمی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکاندا یانەی فۆلکسبۆرگی ئەڵمانی لە نێو یاریگای خۆیدا میوانداریی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کرد و بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەکەی لێبردەوە.
لەو یارییەدا کە لە یاریگای ڤۆڵکسواگن ئارێنا بەڕێوەچوو، لە خولەکی ١٧دا لەئەنجامی خستنی یاریزانی فۆلکسبۆرگ ئاندرێ شۆرلێ لەلایەن یاریزانی یانەی ریال مەدرید کاسێمیرۆوە لە نێو ناوچەی سزادا، داوەر لێدانێکی سزای بۆ یانە ئەڵمانییەکە ئەژمارکرد و پەناڵتییەکە لەلایەن ریکاردۆ رۆدریگێزەوە لێدرا و بووە هۆی ئەوەی یانەی خاوەن ماڵ بە گۆڵیک پێش یانەی میوان بکەوێت.
دواتر و لە درێژەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی یانەی ریال مەدرید لە رێگەی دژە هێرشەوە، فۆلکسبۆرگ توانی لە خولەکی ٢٥دا لە رێگەی ماکسیمیلیان ئارنۆڵدەوە، جیاوازی گۆڵەکانی نێوان خۆی و ریال مەدرید بۆ دوو گۆڵ بەرز بکاتەوە. بەو شێوەیەش گێمی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی یانە ئەڵمانییەکە بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا هەرچەندە ریال مەدرید فشارێکی زۆری دەکرد، بەڵام نەتوانی هێڵی بەرگری یانەی فۆلکسبۆرگ تێپەڕێنێت و بەو جۆرەش یانەی خاوەن ماڵ توانی بە دوو گۆڵی بێ وەڵام یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت.
وا بڕیارە یاری گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە، رۆژی ١٢ی ئەم مانگە لە شاری مەدرید بەڕێوەبچێت.