Muhammet Ali Kemal
29 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2016
لە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكاندا، دوای ئەوەی كاتی یاسایی و كاتی زیادكراو بە ئەنجامی بەرامبەربوونی هەریەك لە ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریال مەدرید بە گۆڵێك بۆ هەردوولا كۆتایی هات، یانەی شاهانە توانی بە لێدانی یەكلاكەوەرەوە و بە ئەنجامی ٥-٣ یارییەكە لە یانەی هاوشاری بەرێتەوە و بۆ جاری ١١هەمین جامەكە بەرزبكاتەوە.
لە خولەكی ١٥دا دوای ئەوەی كروس لە رێگەی لێدانێكی راستەوخۆوە تۆپێكی ئاراستەی بەیڵ كرد و دواتر تۆپەكە بەر قاچی رامۆس كەوت و لەژێر قاچی ئۆبڵاكی گۆڵچییەوە چووە ناو گۆڵەوە و بەو شێوەیەش یانەی ریال مەدرید توانی بە گۆڵێك بچێتە پێش یانەی ئەتلەتیكۆوە. هەر بەو ئەنجامەش گێمی یەكەم كۆتایی هات.
لە خولەكی ٤٦ی گێمی دووەمدا، لەئەنجامی فاوڵێكی پێپێ لە تۆرێس، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئەژمار كرد. بەڵام گریزمانی یاریزانی یانەكە كە لێدانەكەی بەكارهێنا، نەیتوانی گۆڵ تۆماربكات و بەو هۆیەشەوە لە خولەكی ٤٨دا شانسی یەكسانبوونی بۆ یانەكەدا لەدەست دا.
لەدوای ئەوەوە هێرشەكان ئەتلەتیكۆ بۆ سەر گۆڵی ریال بەردەوام بوو، تاوەكو لە خولەكی ٧٩دا دوای هێرشێكی مەترسیداری یانەی شاهانە كە نەیانتوانی سوودی لێببین و گۆڵی پێ تۆماربكەن، كاراسكۆی بەلجیكی توانی ئەنجامەكە بۆ یانەكەی یەكسان بكاتەوە.
ئەم ئەنجامە تا تەواوبوونی هەردوو گێمی زیادكراو مایەوە و دواتر لێدانی یەكلاكەرەوە دەستی پێكرد. یانەی شاهانە توانی بە تۆماركردنی پێنج لێدان بەرامبەر بە سێ لێدان بۆ ئەتلەتیكۆ مەدرید، یارییەكە لەبەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبهێنێت و ببێتە پاڵەوانی خولەكە.
ریال مەدرید كە بەسەركەوتووترین یانەی خولی یانە پاڵەوانەكان دادەنرێت توانیویەتی تا ئێستا ١١ جار ببێتە پاڵەوانی خولەكە لە هەریەك لە ساڵەكانی ١٩٥٦، ١٩٥٧، ١٩٥٨، ١٩٥٩، ١٩٦٠، ١٩٦٦، ١٩٩٨، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢ و ٢٠١٤ و دوایین پاڵەوانێتیش ئەمساڵ كە ٢٠١٦یە بەدەستی هێناوە.
ئەو یانەیە ساڵی ١٩٦٢، ١٩٦٤ و ١٩٨١ توانیویەتی بگاتە یاری كۆتایی بەڵام سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە.
- زیدان چووە مێژووەوە
زەینەدین زێدانی فەڕەنسی و راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بووە یەكێك لەو كەسایەتییانەی كە وەك یاریزان و راهێنەر جامی یانە پاڵەوانەكانی بەدەست هێناوە.
زیدان كە لەساڵی ٢٠٠٢دا وەك یاریزان جامەكەی بەرزكردووەتەوە، بووە حەوتەمین كەسایەتی لەدوای هەریەك لە میگێل مۆنۆز و گواردیۆلای ئیسپانی، جیۆڤانی تراپاتۆنی و كارلۆ ئانچیڵۆتی ئیتاڵی و یۆهان كرۆیف و فرانك رەیكاردی هۆڵەندی كە وەك یاریزان و راهێنەر ببێتە خاوەنی نازناوی جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا.
- ریال لە یاری كۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا بەسەر ئەتلەتیكۆدا سەركەوتبوو
یانەی شاهانە لە یاری كۆتایی جامی یانە پاڵەوانەكاندا لە ساڵی ٢٠١٤، توانیبووی بەسەر یانەی هاوشاری خۆی، ئەتلەتیكۆ مەدریددا سەربكەوێت.
یارییەكە كە لە یاریگای لۆز لە پورتوگال ئەنجام درا، تێیدا كاتی یاسایی بە ئەنجامی گۆڵێك بۆ هەردوولا تەواوببوو، بەڵام لە كاتی زیادكراودا یانەی ریال مەدرید توانی ئەنجامەكە بۆ ٤-١ لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت و سەركەوتن بەدەست بهێنێت.