Sangar Hamad Azeez
18 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2016
له میانی یارییەکانی ههفتهی ٣٣ی خولی لالیگای ئیسپانیدا یانهی بەرشەلۆنە دووچاری چوارهم شکستی لهسهریهک هات.
یانەی بەشەلۆنە دوای دۆڕانەکەی یاری کلاسیکۆ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید، سەرکەوتنی بیرچووەتەوە و رووبەڕووی دۆڕان لە دوای دۆڕان دێت.
دوای ئەوەی لە ٢ی ئەم مانگە یانەی بەرشەلۆنە کلاسیکۆی بە یانەی ریال دۆڕاند، ئەو یانەیە تامی سەرکەوتنی بیرچۆتەوە نەیتوانیوە لە هیچ خولێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت تەنانەت لە جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپاش لەسەر دەستی ئەتلەتیکۆ مەدرید کرایە دەرەوە.
بەرشەلۆنە لە یارییەکەی شەوی رابردوو بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێکردوو کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد. بەڵام لیۆ میسی و هاوڕێکانی نەیانتوانی هەلەکان بقۆزنەوە و تا لە هیرشێکی پێچەوانەدا لە خولەکی ٢٦ یانە شەمشەمەکوێرەکان گۆڵێکیان تۆمار کرد.
دوای ئەم گۆڵەش دیسانەوە هێرشەکانی بەرشەلۆنە بێهودە بوو تا لە هێرشێکی بەکۆمەڵدا یاریزان سانتی مینا لە خولەکی ٤٦ گۆڵی دووەمیشی بۆ یانەی ڤاڵەنسیا تۆمار کرد.
لە گێمی دووەمدا یانە کەتەلۆنییەکە تەواوی هەوڵی خۆیدا و تا لە خولەکی ٦٣ دا میسی تاکە گۆڵی یانەکەی تۆمار کرد و بەم ئەنجامەش یانەی ڤاڵەنسیا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر بەرشەلۆنە بەدەست هێنا.
یانەی ڤاڵەنسیا خۆی گەیاندە پلەی ١١ بە کۆکردنەوەی ٤٠ خاڵ و یانەی بەرشەلۆنەش بە لەدەست دانی سێ خاڵی دیکە شوێنی لە پێشەنگ لەق کرد و خاوەنی ٧٦ خاڵە بە هاوبەشی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید و خاڵێک لە پێش یانەی شاهانەن کە خاوەنی ٧٥ خاڵە.