ozhin jola
08 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2021
کەرکووک – AA
خانمە ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، رووبار رەشید کاکەیی گۆرانییەک بەزمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکمانی و مەسیحیی لەسەر پێکەوەژیانی شاری کەرکووک دەڵێتەوە.
رووبار رەشید کاکەیی لەسەر کارە ھونەرییە نوێکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ئەم بەرھەمەمان، گۆرانییەکە بەناوی 'کەرکووک بۆ سەرجەم پێکھاتەکانە' کە بەھەرچوار زمانی کوردی، عەرەبی، تورکمانی و مەسیحییە و باس لەبرایەتی و پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکھاتەکانی شاری کەرکووک دەکات و پێنج شاعیر شیعری گۆرانییەکەیان نووسیوەتەوە ئەوانش؛ ئارام پەشێو و سەڵاح میرزا بۆ زمانی کوردی، بەشی عەرەبییەکەیشی حوسام سەبعاوی نووسیویەتییەوە و بەشی تورکمانییەکەیشی شاعیر قەحتان بەیاتی-یە و بەشی مەسیحییەکەیش گۆرگیس جۆرج نووسیویەتییەوە و ھونەرمەند ئەحمەد ھەیاس ئاوازی گۆرانییەکەی داناوە بەھاوکاری لەگەڵ ژمارەیەک ھونەرمەندی ئێرانی".
رووبار رەشید گوتیشی: "گرنگی بڵاوکردنەوەی ئەم گۆرانییە لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە ئێستا لەھەمووکات زیاتر کەرکووک پێویستی بەپێکەوەژیان و ئاشتی ھەیە کە بەراورد بەڕابردوو پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانی شارەکە کاڵ بووەتەوە، بۆیە بەگرنمان زانی لەم ساتەدا، ئەم گۆرانییە بڵاو بکەینەوە بۆ ئەوەی برایەتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانی شاری کەرکووک بەھێزتر و باشتر بکەین و بەھیوام ئەو پەیامەی ھەمبووە و لە رێی کارە ھونەرییەکانمەوە بڵاویان دەکەمەوە، بگات بەخەڵکی و ئامانجەکەم بپێکم بەتایبەت بەوەی گۆرانییەکەم بەچوار زمانە و ھەر زمانێک بۆخۆی گوزارشت لەخەم و ئازارەکان دەکات و لەکاتی کلیپکردنی گۆرانییەکەیش جلوبەرگ و پۆشاکی ھەر چوار پێکھاتەکەی کەرکووک-م پۆشیوە".
خانمە ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، رووبار رەشید باسی لەوەیشکرد کە ئەمە سێیەمین گۆرانی ئەوە کە گۆرانی یەکەمی بەناوی ھاواری کاکەیی-یەوە بوو کە باس لە کێشە و موعاناتی کاکەییەکانی دەکرد کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە تووشی ھاتوون و شەھید و برینداریان داوە کە بەزمانی ماچۆ گۆرانییەکەی گوتووەتەوە و کلیپی دووەمیش بەناونیشی ناسنامەوە بوو بەھەمانشێوە باسی لە دۆخی کاکەیی دەکرد لە کەرکووک و عێراق.
لەسەر بەرهەمهێنانی کلیپی گۆرانییەکە و تۆمارکردنی، دەرھێنەر ھونەر دیلۆن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە دووەم کاری کلیپە کە بۆ خانمە ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، رووبار رەشید ئەنجامی دەدەین و گۆرانییەکی جیاواز و جوانە کە باس لەپێکەوەژیان و برایەتی نێوان پێکھاتەکانی شاری کەرکووک دەکات و لەئێستادا سەرقاڵی کلیپکردنی گۆرانییەکەن کە ماوەکەی ھەشت خولەکە و ھەر دوو خولەکەیش بەزمانێکی جیاواز گۆرانییەکە دەڵێتەوە".
دەرھێنەر ھونەر دیلۆن باسی لەوەیشکرد کە بەشێکی ریکۆردی کلیپەکە لەسەر قەڵای کەرکووکە کە وەک ھێمای سەرجەم پێکھاتەکانە و گوزارشتێکی جوان و مێژووی کەرکووکە.