Sayim Harmancı
16 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2023
هەکاری - AA
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتییانی پارێزگای هەکاری و ئەو گەشتیارانەی سەردانی پارێزگاکە دەکەن بۆ خۆفێنککردنەوە روو لە تاڤگەی سینەبەر دەکەن.
ئەو شوێنەی تاڤگەکەی لێیە، دەکەوێتە سنووری گوندی کاڤال کە ٥٠ کیلۆمەتر لە شارەکە دوورە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا، جەنجاڵییەکی زۆری پێوە دیارە.
تاڤگەکە جگە لەوەی خەڵکی ناوچەکە و پارێزگاکانی دیکەی دەوروبەری سەردانی دەکەن، هاوکات بووەتە شوێنی سەردانی گەشتیارانی بیانیی و ناوخۆییش.
ئەوانەی سەردانی تاڤگەکە دەکەن بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش لەگەڵ سروشتدا بەسەر بەرن، سەیران دەکەن و هەوڵی خۆفێنککردنەوە دەدەن لە ئاوی ساردی تاڤگەکەدا.
سەرۆکی یانەی جیلۆ بۆ شاخەوانی و وەرزشەکانی سروشت، هاجی تانسو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە ماوەی ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی وەرزشەکانی سروشتن، لە هەمان کاتیشدا رێبەرایەتیی تیمەکان دەکەن.
هاجی تانسو باسی لەوە کرد کە جموجۆڵێکی زۆری گەشتیاریی لە شارەکەدا دروست بووە و گوتی: ''ئێرە شوێنێکە کە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانیی زۆر سەردانی دەکەن. لە پارێزگا و قەزاکانی دەوروبەرەوە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن. تاڤگەی سینەبەر شوێنێکە لە تورکیادا هاوشێوەی نییە. دۆڵێکی نایابە و لە هەموو لایەکییەوە تاڤگە دەڕژێتە خوارەوە. ئێرە جوگرافیایەکی تایبەتە. ئومێدەوارین لە رووی سروشتییەوە وەک خۆی بمێنێتەوە. لە کاتێکدا لە ناوەندی شار کەشوهەوایەکی پروکێن هەیە، ئێمە لێرەدا خۆمان فێنک دەکەینەوە و کاتی خۆش بەسەر دەبەین''.
تورگوت گوندوز کە لە ئەڵمانیاوە سەردانی ناوچەکەی کردووە، ئاماژەی بەوە کرد کە کاتێک هاوسەرەکەی لە ئینتەرنێت تاڤگەکەی بینیوە بڕیاریانداوە سەردانی بکەن.
گوندوز باسی لەوە کرد لە چوارچێوەی گەشتێکدا کە بەشدارییان کردووە هاتوون بۆ گوندی کاڤال و گوتی: ''شایەنی ئەوەیە سەردانی بکەیت. بە راستیی شوێنێکە سروشتەکەی نایابە. سروشتێکی زۆر جوانی هەیە. لێرە کات زۆر خۆش بەسەر دەچێت. زۆر هەست بە گەرما ناکەین. ئاوەکە زۆر خۆشە فێنک و ئاسوودەبەخشە. لەئێستادا زۆر جەنجاڵە''.
هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی سەمیح یڵدز باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هاوڕێیانیدا بڕیاریانداوە سەردانی ناوچەکە بکەن، باسی لەوە کرد کە تاڤگەکە جوانییەکی زۆری نایابی هەیە، لەبەرئەوە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن.