Rewa Mahmood Hasan
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
بەمەبەستی پاککردنەوە و گێڕانەوەی گەشتیار بۆ هاوینەهەواری سەرچنار لە سلێمانی، بەبەشداری ژمارەیەک هونەرمەند، رۆشنبیر و کەسایەتی ناسراوی شارەکە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی هاوینەهەواری سەرچنار بەرێوەچوو.
هەڵمەتەکە لەلایەن گرووپی فۆتۆگرافەرانی گەڵا-وە دەستیپێکرد و بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، چەندین کەسایەتی شار، هونەرمەند و رۆشنبیر لە هاوینەهەواری سەرچنار بەڕێوەچوو کە سەردەمانێک ئەو هاوینەهەوارە جمەی دەهات لە گەشتیار و ئێستا بەهۆی پشتگوێ خستنییەوە، کەمترین گەشتیار رووی تێدەکات.
سەرپەرشتیاری گرووپی فۆتۆگرافەرانی گەڵا، ناسح عەلی خەیات لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ بەمەبەستی گێڕانەوەی قورسایی جارانی هاوینەهەوارەکە، بە بەشداری چەندین سیاستمەدار، کەسایەتی شار، رۆشنبیر و هونەرمەندان هەڵمەتێکی پاککردنەوەی هاوینەهەواری سەرچناریان دەستپێکردووە و چاوەڕوان دەکەن کە زۆرترین کەس بەشداربن تیایدا.
ناسح عەلی خەیات باس لەوە دەکات کە سەرچنار لەپێشوودا جێگەیەکی دڵگیری شاری سلێمانی بووە، زۆرترین گەشتیار روویان تێکردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی پشتگوێخستنییەوە گەشتیاران زۆر بەکەمی لەناوەوە و دەرەوەی شارەکە رووی تێدەکەن، هەر بۆ ئەو مەبەستە داوایان لە پارێزگار و چەندین لایەنی تایبەت کردووە کە گرنگی بدەنەوە بە هاوینەهەوارەکە بۆ ئەو مەبەستەش سەندیکای هونەرمەندان بڕیاری داوە کە هەفتانە کۆنسێرتێکی گۆرانی بۆ هونەرمەندان ئەنجام بدات لە هاوینەهەوارەکە ئەگەر بێت و پارێزگاری سلێمانی سەکۆیەکیان بۆ دروست بکات لە ناوجەرگەی هاوینەهەواری سەرچناردا.
سەرۆکی گرووپی فۆتۆگرافەرانی گەڵا داوا دەکات کە هەفتانە پێشانگای شێوەکاری، فۆتۆگرافەری و کۆنسێرت لە هاوینەهەوارەکە رێکبخرێت، تاکو گەڕموگوڕی جاران بدرێتەوە بە سەرچنار.
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە ئەمڕۆ بۆ پشتگیریکردنی ئەو هەڵمەتە بەشدارن لەگەڵ خۆشەویستانیان کە بەدەستپێشخەری گرووپی فۆتۆگرافەرانی گەڵا بەڕێوەدەچێت و گوتی: ''لێرە دەستکراوە بە پاککردنەوەی هاوینەهەواری سەرچنار، لەسەر شەقامەکەوە، تاکو ئەمە ببێت بە دەستپێشخەریەک بۆ پاککردنەوەی شوێنەکانی تر، ئومێد دەکەم هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویست، کۆمپانیاکان، دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەتایبەت شارەوانی بەدەم ئەم جۆرە پرۆژانەوە بێن و هەماهەنگمان بن بۆ ئەوەی هەموو بەیەکەوە بتوانین ژینگەی سلێمانی کە ژینگەیەکی لەبارە و سەوزایی و پاککردنەوە و ریسایکلین لە ئاستێکی باشدایە، بتوانین باشتری بکەین، هەروەها پارێزراوتری بکەین".
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گەشتیاریی جزیرەی نوح، دڵشاد عەبدولقادر کە بەمەبەستی پاککردنەوەی ناوچەکە و زیندوکردنەوەی هاوینەهەوارەکە بەشداری کردبوو ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە کەسانێکی کەم هاتوون بۆ بەشداری لە هەڵمەتەکەدا، بەڵام ئەمە دەستپێکێکی باشە و هیوای خواست کە بتوانن گرنگی زیاتر بە شوێنە گەشتیارییەکان بدەن تاکو بتوانن شەپۆلی گەشتیاری لە دەرەوە بۆ ناوخۆی سلێمانی رابکێشن.