Rewa Mahmood Hasan
11 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی-AA
بەبەشداری چەندین گروپ، کۆمەڵە، رێکخراوی شاخەوانی و چەندین شاخەوانی بە ئەزموونی نێوخۆیی و دەرەکی، لەبەردەم باخی گشتی لەسەر شەقامی سالم، یادی رۆژی جیهانی شاخ کرایەوە.
ئەمڕۆ کاتژمێر٢ی پاش نیوەڕۆ لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی بە بەشداری زۆرێک لە شاخەوانانی ناوخۆی و دەرەکی، مەراسیمێک بەبۆنەی یادی رۆژی جیهانیی شاخ، کە دەکەوێتە ١١ی کانوونی یەکەمەوە کرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا کە چەندین گرووپ، کۆمەڵە و رێکخراوی شاخەوانی بەشداربوون چەندین تابلۆ و وێنەی خۆیان لەکاتی هەڵگەڕان بەسەر شاخە بەرزەکاندا نیشان درا، هاوکات چەند کۆمەڵەیەک بە نمایشکردنی جلوبەرگ و کەلوپەلی تایبەت بە شاخەوانی بەشداربوون لە مەراسیمەکەدا.
یەکێک لە بەشداربووانی مەراسیمەکە حسێن محەمەد مەحموود بوو کە لە شاری بانەی ئێرانەوە هاتبوو، بەشداربوو لە مەراسیمەکەدا.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئەو زۆر خۆشحاڵە ئێستا لەگەڵ هاوکارەکانیدا لە سلێمانی یادەکە دەکاتەوە و گوتی: "من لەچەندین کاری شاخەوانی جیهانیدا بەشداربووم، لە رووسیا، تاجیکستان، ئێران، لە تورکیا و چەند وڵاتێکی تر، بەشداربووم".
ئەو باسی لە ئەزموونی شاخەوانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئارەزووی شاخەوانی زۆر سەختە ساڵانە چەندین کەس بەهۆی بەجێهێنانی ئەم ئارەزووەیانەوە گیانلەدەست دەدەن و برینداردەبن بەسەختی و ئاشکرای کرد کە بۆخۆی چەندین جار رووبەرووی برینی سەخت بووەتەوە، بەڵام بەهۆی خواستی زۆری بۆ شاخەوانی، دەستبەرداری نابێت.
حسێن محەمەد بەسەر چەندین لوتکەی بەرزی جیهانیدا سەرکەوتووە و لەوانە ئارارات لە تورکیا و دەڵێت،"١٥ جار بەسەر شاخی دەماوەند دا کە بەرزترین لوتکەی ئێرانە هەڵگەراوم، چوومەتە تورکیا و بەسەر شاخی ئاراراتدا سەرکەوتووم بۆ لووتکە".
سەرۆکی کۆمەڵەی شاخەوانانی کوردستان لە سلێمانی عومەرعەبدوڵلا ئاماژەی بەوەدا کە بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانی شاخ ئەم مەراسیمەیان رێکخستووە و پیرۆزبایی لە شاخەوانانی کوردستان کرد و رایگەیاند بۆدیاری کردنی رۆژێک بەناوی رۆژی جیهانی شاخ، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢ دا لە پەنجاو حەوتەمین کۆبوونەوەی خۆیدا رۆژی ١١ی کانونی یەکەمی دیاری کردووە وەک رۆژی جیهانی شاخ و ئەمانیش وەک شاخەوانانی کوردستان بە بەرزی ئەو یادە دەکەنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بە سەختی بەجێگەیاندنی ئەو ئارەزووەیان دا کە شاخەوانییە و رایگەیاند پیشەیەکی سەختە و تەنیا لەمساڵدا دوو کەسیان لێ برینداربووە لەکاتی هەڵگەران بەشاخەکاندا و یەکێکیشیان گیانی لەدەست داوە .
عومەر باس لەوە دەکات چەندین کەلوپەلی پێویست لەگەڵ جلوبەرگی تایبەت بە شاخەوانی نیشان دەدەن لە مەراسیمەکەدا، تاکو ئەم کارە لەلایە هەمووکەس خۆشەویست بکەن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا چەندین کۆتر ئازاد کران و بە ئاسماندا هەڵدران لەلایەن شاخەوانانەوە، ئەویش وەک هێمایەک بۆ ئازاد کردنی باڵندەکان و گەڕانەوەیان بۆ سروشت و گرنگی دان بە ژینگە.