Atila Altuntaş
11 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2019
ستۆكهۆڵم ــ AA
رۆژنامەوانی سویدی، كریستینا دۆكتریە رایگەیاند، دەستبەرداری خەڵاتی نۆبڵ دەبێت كە پێشتر پێی بەخشراوە، ئەویش وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەبدا بە نووسەرێكی نەمساوی كە كۆمەڵكوژی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا رەتدەكاتەوە، بەخشراوە.
دوێنێ سێشەممە كریستینا دۆكتریە بەشداری كرد لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین كە لە ستۆكهۆڵم ئەنجامدرابوو بەرامبەر ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەبدا بە نووسەری نەمساوی، پیتەر هاندكە كە كۆمەڵكوژییەكەی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا رەتدەكاتەوە بەخشراوە.
لەمیانی خۆپیشاندانەكەدا، كریستینا دۆكتریە گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوەكردبوو كە پێشتر شانازی دەكرد بە ئەكادیمیای شانشینی سوید بۆ زانست كە خەڵاتی نۆبڵ دەبەخشێت، بەڵام لەئێستادا هەست بە شەرمەزاری و تاوان دەكات.
سەبارەت بەو ماوەیەی كە كۆمەڵكوژییەكەی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا تیایدا ئەنجامدراوە، ئەو رۆژنامەوانە سویدییە گوتی: "٢٧ ساڵ لەمەوبەر گەواهیداری ئەو كۆمەڵكوژییە بووم، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەبدا بە نووسەرێك كە كۆمەڵكوژییەكە رەتدەكاتەوە، ناچاری كردم دەستبەرداری خەڵاتی نۆبڵ بم كە پێشتر پێیم بەخشرابوو".
لە ١٩٨٨دا، كریستینا دۆكتریە بەهۆی كارەكانی كە لەچوارچێوەی تیمێكی تەندروستی سەربە هێزەكانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامیدابوو، خەڵاتی نۆبڵ-ی پێ بەخشرابوو.
لە ١٠ی تشرینی یەكەمی رابردوودا، ئەكادیمیای شانشینی سوید بۆ زانست خەڵاتی نۆبڵ-ی لە بواری ئەدەبدا بەخشییە نووسەری نەمساوی، پیتەر هاندكە.
پێشتر پیتەر هاندكە بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە بۆسنییەکان خۆیان كوشتووە و دواتر تۆمەتەكەیان ئاراستەی سربیا كردبوو راشیگەیاندبوو كە بەهیچ شێوەیەك باوەڕی بەوە نییە كە سربیا كۆمەڵكوژی بەرامبەر بە بۆسنییەكان لە شاری سربرینێستا ئەنجام دابێت.