Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
بە چاودێریی وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێمی کوردستان، بەرێوبەرایەتی گشتیی لاوان، سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کولتووریی، شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان لە شاری رانیە (١٣٠ کم باکووری سلێمانی) دەستیپێکرد.

لەشەوی یەکەمی فێستیڤاڵهكهدا کە لە پارکی دەروازەی رانیە بەڕێوەدەچێت، جگە لە گوتاری کردنەوەی فێستیڤاڵ و پێشوازییكردن له میوانەکان، ژمارەیەک لە گرووپە بەشدارەکانی فێستیڤاڵ نمایشی کولتوور و ھونەری خۆیان بۆ ئامادەبووان کرد و شەوی دووەم و سێیەمیش بەشێکی دیكهی گرووپە بەشدارەکان بە ھەمان شێوە نمایشی کولتوور و ھونەری خۆیان دەکەن.
تیپە بەشداربووەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان، بریتیین لە تیپی نیشتمان بۆ رۆشنبیریی و ھونەر و فۆلکلۆر لە میسر، بەرێوەبەرایەتی کەلەپوور و ھونەرە میللییەکانی ھەولێر، تیپی نیشتیمانیی ھونەرە میللیەکانی عێراق، نماییشی گرووپی ھونەری شروستی ھیندستان، گرووپی ھرای قوچان لە خوراسان، تیپی مۆسیقای ئەمازیغەکانی مەغریب (نجوم سوس و فاتمە تمنارت)، گرووپی لەیزین سەما بالی سلێمانی، تیپی عمون بۆ ھونەری میللی لە وڵاتی ئوردن، تیپی شاریای ھونەری میللی ( ئیزیدی)، دەستەی ھەڵپەڕکێی نیشتمانیی کوردستان، گرووپی میوزیکی نیگار بۆ ھونەری مەکسیک و ئەمریکای لاتین، گروپی مۆزیکی چلکەزی لە شاری دھۆک، تیپی برایەتی کەرکوک، گرووپی دریا دلان جنوب لە ئێران، تیپی میوزیكی رانیە، تیپی میوزیكی کچانی رانیە.

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، دانا رەزگەیی، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگهیاند: " فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان رووداوێکی ھونەری و کولتووریی گەورەیە و لەسەر ئاستی جیھان تیپە میللییە کولتوورییەکان بەشدارن، و نمایشی کولتووری تایبەت بەخۆیان دەکەن، ئامانجی ئەم فێستیڤاڵەش لەپێناو ئاشتی و پێکەوە ژیاندایە لەنێوان گەلاندا".
دانا رەزگەیی گوتیشی: "لە ماوەی ١٠ ساڵدا ئەوە شەشەم فێستیڤاڵە کە لە شاری رانیە بەڕێوەدەچێت، بەھۆی شەڕی داعشیشەوە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوو فێستیڤاڵەکە ئهنجامنهدرا. فێستیڤاڵەکە لە لۆکاڵیی و ناوخۆییهوه ئێستا بووەتە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی کە ھەشت وڵات تێیدا بەشدارن جگە لە تیپی ناوخۆیی، ئەم تیپانەش ھەریەکەیان نمایشی کولتووریی رەسەنایەتی وڵاتەکەی خۆی دەکات".
لە دەستپێکی ڤێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی زۆر میوان و دانیشتووانی ناوچەکە ئامادەی بینینی چالاکییەکان بوون، رهزگهیی لەوبارەیەوە گوتی: "ئەمساڵ کوالیتی فێستیڤاڵەکە ئاستێکی نێودەوڵەتیی ھەیە، بۆیە پێشبینی ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆری جەماوەری فێستیڤاڵەکەمان دەکرد".
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان لە سازکردنی فێستیڤاڵەکە لێکنزیکردنەوە و تێکەڵکردنی کولتوورە جیاوازەکانە لە نێوان وڵاتانی بەشداری فێستیڤاڵدا.
سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کولتووری، ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە، کار لە بواری ئاڵوگۆری کولتووری لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکات. تا ئێستاش چەندین پەیوەندیی و پرۆگرامی کولتووریی لەگەڵ ئەمریکا، لوبنان، ئوستڕاڵیا، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیكه ئەنجامداوە، ساڵانەش فێستیڤاڵی کولتووریی بۆ کولتوورە جیاوازەکان رێكدهخات.