Dilşad Seyfeddin Ahmet
13 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2016
سلێمانی
یەكەم چالاكی فێستیڤاڵەكە بەكردنەوەی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكە دەستی پێكرد كە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، كۆمەڵێك فۆتۆگرافەر باس لە ئەزمونی كاری فۆتۆگرافی خۆیان دەكەن، هەروەها چەند سكرینێك لە شەقامەكانی شاری سلێمانی دادەنرێت بۆ نمایشكردنی فۆتۆكان.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە ئەحمەد نەجم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بڕیار وایە ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە لەلایەن ئاژانسی میتۆگرافییەوە كە یەكەمین سەنتەری سەربەخۆیی فۆتۆگرافی عێراقییە بەڕێوە ببرێت، كردنەوەی ئەم پێشانگایەش یەكێكە لە چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە و 43 فۆتۆگرافەر لەسەرجەم شارەكانی عێراق و وڵاتانی دەرەوە بەشدارن، مەبەست لێی كۆكردنەوەی سەرجەم كولتوور و ئاین و بیروڕا جیاوازەكانە لە یەك پێشانگا و فێستیڤاڵدا".
ئەحمەد نەجم گوتی: "چالاكییەكانی ئەم فێستیڤاڵە جگە لەم پێشانگا فۆتۆگرافییە، چەند چالاكییەكی تر لە خۆ دەگرێت لەسەر كاری فۆتۆگرافی، لەوانەش چەند وۆڕك شۆپێكمان هەیە لە سلێمانی كە دواتر بۆ سێ رۆژ لە شاری هەولێر و ماوەی دوو رۆژ لە شاری كەركووك بەردەوامی دەبێت، هەروەها سكرینی گەورە لەسەر شەقامەكان دادەنێین و گفتوگۆ لە نێوان فۆتۆگرافەران رێكدەخەین ".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە كە داهاتوویەكی گەشاوە بۆ كاری فۆتۆگرافی و فۆتۆی رۆژنامەوانی لە عێراقدا بهێنێتە كایەوە كە ببێتە هۆی تێكشكاندنی بەربەستە كولتووری و رەگەزی و ئاینییەكان.
یەك لە فۆتۆگرافەرە بەشداربووانی پێشانگاكە بێساران ئەحمەد بۆ ئانادۆڵو گوتی: "گرنگی كردنەوەی ئەو فێستیڤاڵە لەوەدایە یەكەم جارە بەمشێوەیە لە كوردستان و عێراقدا جگە لە كردنەوەی پێشانگای فۆتۆیی، وۆڕك شۆپ و خولی سەیفتی بۆ فۆتۆگرافەران و رۆژنامەنووسانی جەنگ دەكرێتەوە لەلایەن رۆژنامەنووسانی شارەزایی بەریتانیاوە".
بڕیارە لە رۆژانی 16 تا 19 ی ئەم مانگەش هەمان فێستیڤاڵ و چالاكییەكان لە شاری هەولێر و كەركووك بەردەوام دەبێت.