هونەر و كلتوور

دهۆک.. مزگەوتێک زیاتر لە دوو سەدەیە نوێژى تیادا دەکرێت

- مزگەوتى کۆنى دارەتوو لە ناحیەى دارەتووى سەربە قەزاى بەردەڕەش لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لە ساڵى ١٨٠٥ دروستکراوە و تا ئێستا نوێژ و پەرستشى تیادا ئەنجام دەدرێت.

Azad Mohammed Abdullah  | 19.05.2019 - نوێکردنەوە : 21.05.2019
دهۆک.. مزگەوتێک زیاتر لە دوو سەدەیە نوێژى تیادا دەکرێت

Dahuk

دهۆک - AA

مزگەوتى کۆنى دارەتوو دەکەوێتە ناوەڕاستى ناحیەى دارەتووى قەزاى بەردەڕەش و لە خشت و حەسیر دروستکراوە.

مزگەوتى کۆنى دارەتوو لە دوو بەش پێکهاتووە و لە نێوان هەردوو بەشدا، سێ دەرگاى کەوانەیی هەیە و بە شێوەیەکى ئەندازەیی دروستکراون و لە نێوان هەر دەرگایەک چەند شوێنێکى تایبەت هەیە بۆ هەڵگرتنى قورئان و پەرتووکە ئایینییەکان. لە دیوى راست و چەپى مزگەوتەکە پەنجەرە کراوەتەوە بۆ ئەوەى تیشکى خۆ بگاتە ناو حەرەمى مزگەوتەکە.

لە ناوەڕاستى مزگەوتەکەدا چرایەک دانراوە لە کاتى بچڕانى کارەبا، چراکە هەڵدەگیرسێن و بەساڵاچووان یادى دەیان ساڵ پێش ئێستایان بە مێشکدا دەگوزەرێت و گەنجان و منداڵانیش بە تامەزرۆییەوە لێى دەڕوانن.

هەر لە مزگەوتى کۆنى دارەتوو کۆمەڵێک مێردمنداڵ پێکەوە کۆبوونەتەوە و وێڕاى خوداپەرستى لەنێو مزگەوتەکەدا یەکترى فێرى قورئان خوێندن دەکەن و دەڵێن ئەم مزگەوتە مەڵبەندى رۆشنبیریی ئایینیمانە.

فەیزوڵڵا میکائیل ماوەى نزیکەى دوو دەیەیە لەو مزگەوتە بانگدەرە لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "مێژووى دروستکردنى مزگەوتى کۆنى دارەتوو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٨٠٥ زایینى و چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە دواینجار کە نۆژەنکرایەوە بەرلە ٦٤ ساڵ بوو، ئێستاش چەند بەشێکى مزگەوتەکە پێویستى بە نۆژەنکردنەوە هەیە".

ناوبراو چیڕۆکى دەستنیشانکردنى شوێنى مزگەوتەکە بۆ بەرلە زیاتر لە دوو سەدە دەگەڕێنێتەوە و دەڵیت "کاتى دروستکردنى مزگەوتەکە دانیشتووانى ئەوکاتى گوندى دارەتوو (ئێستا ناحیەى دارەتوو) ناکۆک بوون لەسەر دەسنیشانکردنى شوێنەکە، بۆ دیاریکردنى شوێنى مزگەوتەکە و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان هاووڵاتییانى گوندەکە لە نێوان خۆیان رێککەوتن کە ئاسکێک ئازاد بکەن لە نێوان هەردوو پێکهاتەى ئەوکاتى دارەتوو، گرەوەکەش لەسەر ئەوەبوو ئاسک لە کوێ بوەستێت مزگەوت لەوێ دروست بکریت".

لە تەک مزگەوتى کۆنى دارەتوو گۆڕى مامۆستای ئایینى عەبدولکەریم حاجى مەلا ساڵحى مودەڕیس هەیە، کە یەکەم پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکە بووە.

لە مزگەوتەکەدا پێنج فەرزە بانگدان و نوێژى تیادا ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە هۆى بچووکى شوێنەکەى نزیکەى ١٠ ساڵ دەبێت وتارى هەینى و نوێژى هەینى تیادا ئەنجام نەدراوە.

لە مانگى رەمەزانیشدا رۆژووەوانان روو لە مزگەوتەکە دەکەن و لەگەڵ خۆیان خورما، ئاو، شەربەت و چەندین خواردن و خواردنەوەى دیکە دەهێنن بە مەبەستى کردنەوەى بەربانگ لە مزگەوتدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın