هونەر و كلتوور

دهۆک.. قوتابخانەی قوبه‌هان له‌ لێواری له‌ناوچوونه‌

- قوتابخانەی قوبه‌هان له‌ سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک له‌ سه‌ده‌ی ١٦ی زایینیدا دروستكراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كان، وێرانه‌ییه‌كه‌ی بووه‌ته‌ جێی نیگه‌رانیی.

Yunus Keleş  | 02.06.2020 - نوێکردنەوە : 06.06.2020
دهۆک.. قوتابخانەی قوبه‌هان له‌ لێواری له‌ناوچوونه‌

Dahuk

دهۆك - AA

قوتابخانەی قوبه‌هان له‌ سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک له‌ سه‌ده‌ی ١٦ی زایینیدا دروستكراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كان، وێرانه‌ییه‌كه‌ی بووه‌ته‌ جێی نیگه‌رانیی.


قوتابخانە‌كه‌ كه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ لانكه‌ زانستیه‌ گرنگه‌كانی جیهانی ئیسلامیی سه‌دان ساڵ خزمه‌تی كردووه‌، مناره‌كه‌ی رووخاوه‌، به‌شێكی زۆری قوبه‌ و دیواره‌كانی تا ئاستی زه‌ویه‌كه‌ داڕووخاون، هه‌ندێک به‌شی دیكه‌ی كه‌ هێشتا به‌پێوه‌ ماون چاوه‌ڕوانی رۆژی رووخانیان ده‌كرێت.

له‌ لایه‌ك وێرانه‌یی قوتابخانەكه‌ كه‌ بۆ قه‌ده‌ر جێهێڵراوه‌، كردنه‌وه‌ی ئاگر له‌ ناویدا و جێهێشتنی خۆڵ و خاشاكی سه‌یرانكه‌ران تیایدا بێ خاوه‌نی ئه‌و لانكه‌ زانستییه‌ ده‌رده‌خات.

- گرنگیی پێگه‌ و مێژووی قوتابخانەکە

به‌گوێره‌ی تۆماره‌ مێژووییه‌كان، قوتابخانەی قوبه‌هان كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووری ٧٠ كیلۆمه‌تری خۆرهه‌ڵاتی شاری دهۆك و له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی شارۆچكه‌ی ئامێدی له‌ دارستانی باكووری ناحیه‌ی سۆلاڤ-ی گه‌شتیاری له‌سه‌ر تاشه‌به‌رده‌كان بنیاتنراوه‌، له‌ سەدەی ١٦ی زایینی دروستكراوه‌.

قوتابخانەكه‌ كه‌ به‌ داروده‌وه‌ن ده‌وره‌دراوه‌ و نزیكه‌ی ٥٠ مه‌تر له‌ رووباری ئامێدی-یه‌وه‌ دووره‌ له‌ سه‌رده‌می میرنشینی بادینان وه‌ك یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌ زانستیه‌ گرنگه‌كانی جیهانی ئیسلامی قوتابی پێگه‌یاندووه‌. قوتابخانەکە په‌یوه‌ندی به‌ قوتابخانەكانی ئیستانبوڵ و میسره‌وه‌ هه‌بووه‌ و زانستی ئیسلامی تیادا وتراوه‌ته‌وه‌ و مۆڵه‌تی زانسته‌ شه‌ریعیه‌كانی به‌خشیوه‌ به‌ هه‌زاران زانا كه‌ له‌و قوتابخانەیەدا خوێندنیان ته‌واوكردووه‌.

قوتابخانە‌كه‌ کە زانای وه‌ك ئه‌بو سعود ئه‌فه‌ندی و مه‌لا خه‌لیلی‌ سه‌رتی پێگه‌یاندووە، پێكهاتووه‌ له‌ حه‌وت ژوور بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ زۆر شوێنی جیهانی ئیسلامیه‌وه‌ روویان تێكردووه‌ بۆ فێربوونی زانست، له‌گه‌ڵ هۆڵێك، شوێنی ده‌ستنوێژ، پۆل و شوێنی پشوودان.

قوتابخانە‌كه‌ كه‌ تا ساڵی ١٩٦٤ چالاك بووه‌، به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ و پێكدادانه‌كانی عێراقه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌. قوتابخانە‌كه‌ تا نەوەدەکانی سەدەی رابردوو به‌ پێوه‌ ماوه‌ و له‌ئێستاشدا سه‌ربان و زۆرێك له‌ دیواره‌كانی رووخاون.

- ''بینینی قوتابخانە‌كه‌مان به‌ وێرانه‌یی ئازارم ده‌دات''

حاجی مسته‌فا كه‌ ته‌مه‌نی ٧٨ ساڵانه‌ و له‌ قوتابیه‌كانی دوایین قۆناغی قوتابخانەی قوبه‌هان-ه‌، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ قوتابخانەكه‌ رووخاوه‌ و وێرانه‌ییه‌كه‌ی زۆر نیگه‌رانی ده‌كات.

حاجی مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ساڵانی ١٩٥١دا چووه‌ته‌ قوتابخانە‌كه‌ و نزیكه‌ی هه‌شت ساڵ تیایدا خوێندووه‌، سه‌باره‌ت به‌و رۆژانه‌ گوتی: ''له‌ ساڵانی ١٩٥١-١٩٥٨دا وانه‌ی قورئانم له‌ قوتابخانە‌كه‌دا خوێندووه‌. قورئانم خه‌تم كرد. ١٤ قوتابی هه‌بوو. مامۆستای ئه‌و كاته‌ی قوتابخانەكه‌ محه‌مه‌د شوكر و موفتی خاڵم بوو. من قوتابیه‌كی زۆر هه‌وڵده‌ربووم. وانه‌ی به‌ من ده‌گوت، ئه‌و وانانه‌ی ده‌مخوێندن به‌و قوتابیانه‌م ده‌وته‌وه‌ كه‌ تازه‌ ده‌هاتن. هه‌موو زانسته‌ ئایینیه‌كان له‌ قوتابخانەكه‌دا ده‌وترانه‌وه‌. حه‌دیس، فیقهی ئیسلامی و به‌لاغه‌ت به‌ شێوه‌یه‌ك بوو كه‌ له‌ قوتابخانەی ئه‌زهه‌ره‌وه‌ قوتابی روویان تێده‌كرد بۆ هه‌ندێ زانست''.

حاجی مسته‌فا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ قوتابخانەكه‌ له‌ڕووی پێكهاته‌وه‌ له‌ شوێنێكی زۆر جوان دروستكراوه‌ و گوتی: ''ئه‌و كاته‌ی ده‌مانخوێند زۆر جوان بوو. دوو بورجی هه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ كه‌نار رووبار بوو زۆر بێ ده‌نگ و پشووده‌ربوو. ئه‌و ده‌نگه‌ وه‌ك موزیك وابوو. شوێنی قوتابخانە‌كه‌ زۆر باش هه‌ڵبژێردرابوو. له‌ڕووی هونه‌ریه‌وه‌ له‌ شوێنێكی زۆر باشدابوو. باخچه‌یه‌كی جوانی هه‌بوو كه‌ گوڵی جۆراوجۆری تێدابوو. ئێمه‌ی قوتابیان خزمه‌تی باخچه‌كه‌مان ده‌كرد. قوتابخانە‌كه‌ مناره‌ی هه‌بوو، به‌ڵام رووخاوه‌ و زۆر كه‌می ماوه‌''.

- "خه‌ڵك خۆراكی بۆ قوتابییه‌كان دابین ده‌كرد"

حاجی مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی قوتابخانه‌ ئایینییه‌كه‌ گوتی: "ئه‌وانه‌ی ماڵیان له‌ ئامێدی بوو، رۆژانه‌ ده‌چوون و ده‌هاتن. له‌نێو قوتابخانه‌كه‌دا ٦-٧ ژووری خه‌وتن هه‌بوو. به‌شێك له‌ قوتابییه‌كان له‌وێ ده‌مانه‌وه‌. خه‌ڵكی ئامێدیش خۆراك و ته‌واوی پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین ده‌كردن. مامۆستای قوتابخانه‌كه‌ مووچه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام خه‌ڵك هێنده‌ گه‌نمی پێ ده‌دا تاكو پێی بژی".

ئەو به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ چاوی خۆی بینیوویه‌تی قوتابخانه‌كه‌ سێ‌ جار سووتێندراوه‌ و گوتی: "له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ كاتی رووداوه‌كاندا له‌ سه‌رده‌می سه‌ركۆماری ئه‌وكاتی عێراق، عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌ ناچاری خوێندن له‌ قوتابخانه‌كه‌ راگیرا. ئه‌وكاته‌ شه‌ڕوپێكدادان هه‌بوو. هێزه‌كانی حكوومه‌ت هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر ئامێدی و تۆپبارانیان ده‌كرد. به‌م هۆیه‌وه‌ قوتابخانه‌كه‌ بێناز مایه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی كه‌ كرایه‌ ئامانجی گولـله‌ تۆپه‌كان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نۆژه‌ن نه‌كرایه‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ تاكو ئێستا داخراوه‌".

- "زۆر خه‌فه‌ت له‌و ره‌وشه‌ی ئێستا قوتابخانه‌كه‌ ده‌خۆم"

حاجی مسته‌فا سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ تاكو ئێستا زۆر هه‌وڵی داوه‌ تاكو قوتابخانه‌كه‌ ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا ئه‌و داواكارییه‌یان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و گوتی: "دوای رووخانی رژێمی به‌عس، زۆر جار داوامان له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ قوتابخانه‌كه‌ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌".

ئەو هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ زۆر خه‌فه‌ت له‌و ره‌وشه‌ی ئێستا قوتابخانه‌كه‌ ده‌خوات و گوتی: "هه‌ست به‌ ئازارێكی زۆر ده‌كه‌م. ماوه‌ ماوه‌ ده‌چمه‌ ئه‌وێ. هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌كانم دێنه‌وه‌ به‌رچاو. زۆر خه‌فه‌ت له‌و ره‌وشی ئێستای قوتابخانه‌كه‌ ده‌خۆم. تێناگه‌م حكوومه‌تی ئێمه‌ بۆ نۆژه‌نی ناكاته‌وه‌. لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌مباره‌یه‌وه‌ بێده‌نگن و هه‌ر نایانه‌وێ باسی ئه‌مه‌ بكه‌ن".

- "ته‌نها توركیا ده‌توانێت قوتابخانه‌كه‌ نۆژه‌ن بكاته‌وه‌"

حاجی مسته‌فا به‌ پێویستی ده‌زانێت كه‌ موسڵمانان رێگا‌ نه‌ده‌ن ئه‌و قوتابخانه‌ ئایینییه‌ مێژوویییه‌ له‌ناو بچێت و گوتی: "ده‌مه‌وێت قوتابخانه‌كه‌ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌ و بكه‌وێته‌وه‌ سه‌رپێی خۆی. ده‌زانم حكوومه‌تی خۆمان ئه‌وه‌ ناكات، ته‌نها توركیا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌وان بڵێن ده‌یكه‌ین، ده‌یكه‌ن".

- "ده‌مه‌وێت ناو له‌ زانكۆیه‌ك بندرێت قوبەهان"

مامۆستا له‌ زانكۆی ئامێدی، عه‌لی عومه‌ر ئاواتەخوازە ناوی قوتابخانه‌ی ئایینیی مێژووییی قوبەهان بدرێت به‌ زانكۆیه‌ك و گوتی: "حه‌ز ده‌كه‌م ناوی ئه‌و قوتابخانه‌ مێژوویییه‌ بدرێته‌ زانكۆیه‌ك له‌ ئامێدی. ده‌مه‌وێت ناوی زانكۆكه‌ی ئێره بكرێته‌ زانكۆی قوبەهان".

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ ناوی قوتابخانه‌كه‌ خراوه‌ته‌ ناو لیستی شوێنه‌ مێژوویییه‌كانی یونیسكۆ كه‌ پێویسته‌ بپارێزرێن، به‌ پێویستی زانی كه‌ تا زووه‌ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌ و گوتی: "به‌داخه‌وه‌ ئێستا بووه‌ته‌ وێرانه‌. پێویسته‌ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌. تاكو ئێستا هیچی بۆ نه‌كراوه‌. هیچ هه‌نگاوێك بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌نراوه‌".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın