Zana Natık Kerem
26 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو ئاشكرایكرد ژمارهیهك بڕیاری نوێیان لەبارەی سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە پارێزگای ھەولێر دەرکردووە و لە بەیانییەوە، بەنزینی ٦٩٠ دیناری تەنھا بۆ تاکسی و پاسهکان دەبێت و بەنزینی ٨٠٠ دیناریش بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان.
ماوەیەکە کێشەی بەنزین لە عێراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوە و دەسەڵاتدارانی ناچار کردووە کە بە پێی پلانێکی دیاریکراو رووبەڕووی قەیرانەکە ببنەوە.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو دوای کۆبوونەوە لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری پارێزگای هەولێر بۆ دانانی پلانێک لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی بەنزین و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
ئومێد خۆشناو وردەکاری دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیانی خستەڕوو و گوتی: "یەکێک لە بڕیارەکان سەبارەت بە بەنزینی ٦٩٠ دینارییە کە لەلایەن کۆمپانیای کارەوە ئامادە دەکرێت و بەپێی بڕیاری نوێ، ٤٠٠ ھەزار لیتر بە پارێزگای ھەولێر دەدرێت کە پێشتر بڕەکەی بۆ پارێزگای ھەولێر لەوەی ئێستا دیاری کراوە زۆرتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا وەک موستەحەقاتی ھەولێر وەکو پایتەخت، بەنزین شتێک نییە کە لەسەر ژمارەی دانیشتوان، رێژەکەی دیاری بکرێت، بەڵکو لەسەر پێویستی و ژمارەی ئۆتۆمبێلە".
گوتیشی: "وەزارەتی ناوخۆ ئامارێکی ورد دەدات بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دەبێت بڕەکە لەسەر ئەو ئامارە دیاری بکرێت، بەڵام ئاماری سەرەتایی لەلای ئێمە بەو جۆرەیە کە بەو پێیەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ھەولێر ھەن، لهسهدا ٥٧ی ئۆتۆمبێلەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنن، بۆیە چاوەڕوان دەکەین پشکی ھەولێر لەسەر ئەو بنەمایە بێت".
پارێزگاری ھەولێر راشیگەیاند: "رۆژانە بڕی ٤٠٠ ھەزار لیتر بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ پشکی ھەولێر دیاری کراوە، لە بەیانییەوە تەنھا بۆ تەکسی و پاسەکان دەبێت، ئەوەیش لە پێناو کەسەباتی کەسباران، شۆفێرەکانی تاکسی و کەمبوونەوەی بارگرانی لەسەر ئەو ھاووڵاتییانەی کە بە تاکسی ھاتوچۆ دەکەن بە شێوەی تاک و جووت لە نۆ بەنزینخانە دابەش دەکرێت".
ئومێد خۆشناو روونیشی کردەوە کە دابەشکردنی بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ تەکسییەکان بڕەکەی دیاری نەکراوە، واتە تەکسی دەتوانێت تانکی بەنزینەکەی پڕ بکات، بەڵام پاسەکان دەتوانن بڕی ٥٠ لیتر وەربگرن.
هەروەها پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای کرد، بڕیاری دووەم تایبەتە بە بەنزینی ٨٠٠ دیناری کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و بەپێی ئەو بڕەی کە ئێستا بۆ پارێزگای ھەولێر دیاری کراوە، رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین دەگاتە ھەولێر، ههروهها گوتی: "ھەر بەنزینخانەیەک مۆڵەتی ھەبێت و لەپێناو کەمکردنەوەی قۆرغکاری لەپێناو ئەوەی کە بەنزینخانەیەک پێی دەدرێت و بەنزینخانەیەک پێی نادرێت، بڕیارماندا، ھەموو بەنزینحانەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر کە مۆڵەت پێدراون، دەتوانن، لەبەیانییەوە داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی ھەولێر بکەن لەوەی بڕێکیان پێ بدرێت، واتا ھەموو بەنزینخانەکان دەتوانن سوودمەندبن، ھەروەھا سیستمی تاک و جووتیشمان ھەڵگرت و ھەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەت دەتوانێت بڕی ٥٠ لیتر بەنزین وەربگرێت".
جەختی لەوەش کردەوە، وەکو پارێزگای ھەولێر لەمەودوا بەدواداچوون بۆ بەنزینخانەکان دەکەن و ھەر بەنزینخانەیەک دەستکاری بەنزین بکات، سزا دەدرێن و شوێنەکانیان دادەخەن و ناوەکانیان بڵاودەکرێتەوە.